نوچەنێت:تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم، رایدەگەیەنێت، ٢٣ی ئەم مانگە یەکەم سەفەری حاجیانی ئەم ساڵی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. نزیکە ی ١٥ ڕۆژ دەخایەنێت.
٨٦ هەزار و ٤٦٣ کەس، ناویان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تۆمارکردبوو، بەساڵەکانی ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩ وە ناوی ١٣ هەزار و ٨٠ کەس گەڕایەوە. هەزار و ٢٩١ کەسیش وەکو یەدەگ دانران.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بەسەفەری حاجیانی کوردستان، رایگەیاند”٢٣-٧-٢٠١٨، یەکەم سەفەری حاجیانی ئەم ساڵی هەرێمی کوردستان لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەرلێر و سلێمانی، راستەو خۆ بۆ عەرەبستانی سعودیە دەستپێدەکات. نزیکە ی ١٥ رۆژ دەخایەنێت، کە ژمارەیان پێنج هەزار و ٤٦٩ حاجییە”.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، ئاماژە بەوەشدەکات، کەوەزارەتەکەیان سەرجەم ئامادەکاری و مامەڵەی حاجیانیان تەواو کردووە. حاجیان ڕاستەو خۆ لەشاری مەدینە دادەبەزن و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەوێ دەمێننەوە. دواتر بەپاسی تایبەت دەگوازرێنەوە بۆ شاری مەککە. گوتیشی”پێویستە حاجیان لە ئێستاوە ئامادەکاری خۆیان بۆسەفەرەکەیان بکەن،لە بەر ئەوەی بەقۆناغ دەگوازرێنەوە”.