نوچەنیت: روداو
سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “سوورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت”. لەبارەی مووچەش رایگەیاند، ئەوەی گرنگە وەزارەتی دارایی هەر 30 رۆژ جارێک مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکات.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا نێچیرڤان بارزانی وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
دیلۆیت راپۆرتی هەناردەی نەوت دەخاتەڕوو
لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت راپۆرتی خۆی لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 و سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2018ی خستەڕوو. بڕیاروایە لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەشێوەیەکی فەرمی هەموو ژمارە و داتاکان بڵاوبکرێنەوە.
مووچەی مامۆستایان
لەبارەی نیگەرانی مامۆستایان لەوەی لە لیستی یەکەمی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکاندا نین، نێچیرڤان بارزانی گوتی “ئاگاداری نیگەرانی مامۆستایانین، بەڵام مەبەستێکی دیاریکراو لە دواخستنی هیچ وەزارەتێکدا نییە، ئەوەی گرنگە هەر 30 رۆژ جارێک مووچە بدرێت”.
هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان
سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “وەک پێشتر گوتوومانە بۆ ئەوەی نیگەرانی حیزبە کوردستانییەکان نەمێنێ، پشتیوانی بە دەست ژماردنەوەی دەنگەکان دەکەین”.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، سوورن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، هیچ لایەنێکیش بە فەرمی داوای دواخستنی ئەو هەڵبژاردنەی نەکردووە.
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد و داوای لە پەکەکە و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە ئۆپەراسیۆن دژی وڵاتانی دراوسێ ئەنجامنەدەن. نێچیرڤان بارزانی گوتیشی “ئێمە دژی ئەوەین خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە وڵاتانی دراوسێی ئێمەبەکاربهێندرێت؛ چ دژی ئێران و چ دژی تورکیا بێت. بەرپرسیارێتی ئێمە، بەرپرسیارێتی کوردستانی عێراقە، ئێمە چەندینجار داوامان لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کردووە کە دەبێت سنوورێک بۆ ئەو مەسەلەیە دابنرێت. داوامان لە پەکەکەش کردووە کە نابێت ببنە هۆکاری ئەوەی کە ئەو زیانانە بەر خەڵک بکەون”.
چاکسازی لە کەرتی کارەبا دەکرێت
سەبارەت بە کێشەی کارەبا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، کارەبا کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام حکومەت سەرقاڵی چاکسازییە لەو بوارەدا. گوتیشی “دوو کێشە هەیە؛ یەکەمیان خەرجی لەسەر کارەبا زۆرە. دووەم وەکو پێویست پارەی کارەبا کۆناکرێتەوە، واتە هاوسەنگی نییە، کارەبایەکی زۆر دەڕوات و پارەیەکی کەم کۆدەکرێتەوە بۆ حکومەت. ئێستا ئێمە خەریکی چاکسازین بۆ ئەوەی سێکتەری کارەبا هەمووی ببێتە سیم کارت، وەکو تەلەفۆن، تۆ چەند کارەبا بەکاردەهێنیت، ئەوەندەش پارەکەی دەدەیت”.
بۆچی بەغدا نایەوێ نەوتی کەرکووک هەناردەبکات؟
لەبارەی هۆکاری هەناردەنەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ دەرەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی “هەرێمی کوردستان ئامادەیە یارمەتی بەغدا بدات بۆ هەناردەکردنی ئەو نەوتەی کە ئێستا هەیە، کە لە دەوروبەری 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوت هەیە لە کەرکووک، کە تاوەکو ئێستا ناتوانن هەنارەدەی بکەن. ئێمەئامادەین لەڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە ئەو نەوتە بڕوات بۆ دەرەوە، تاوەکو ئێستا بەغدا رەزامەند نەبووە”.
دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە:
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەبوو، خاڵی یەکەم کە لەو کۆبوونەوەیە باسکرا، کۆمپانیای دیلۆیت، ئەو کۆمپانیایەی کە وردبینی لە پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئامادەبوون و راپۆرتی خۆیان پێشکەشکرد لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە 6 مانگی دووەمی ساڵی 2017 و 3 مانگی یەکەمی ساڵی 2018. بێگومان ئەوە پرۆسەیەکی زۆر گرنگە وەکو پێشتریش باسمکردووە بۆ هەرێمی کوردستان لەڕووی شەفافیەتی نەوتەوە، پرۆسەیەکە کە جێی گرنگیپێدانی هەم دەرەوە و هەم ناوەوەیە، خەڵکی کوردستانیش مافی خۆیانە بزانن ئەو پرۆسەیە بە چ شێوەیەک ئەنجامدەدرێت. دیلۆیت ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە خۆیان ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە و راپۆرتەکەیان پێشەکەشکرد، بڕیاروایە لە رۆژانی داهاتوو بەشێوەی فەرمی هەموو ئەو ژمارە و داتایانە بڵاوبکرێنەوە.
هەروەها دەمەوێت لێرەوە پیرۆزبایی خۆم لە دەرچووان و یەکەمەکانی قۆناخی ناوەندی و ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان بکەم. دەستخۆشیان لێدەکەم بۆ ماندووبوونیان و خوێندنی بەردەوامیان، سوپاسی دایک و باوکی ئەو خۆشەویستانە بکەم کە یارمەتی منداڵەکانیانداوە، زۆری جێی شانازییە کە لە هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە ئەو قۆاناخانەیان بڕیوە، ئینشەڵڵا لە دەرفەتێکی نزیکیشدا بە دیداریان شاددەبین.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەروەک دەزانن لە 30ی 9 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان هەیە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی لە وادەی خۆیدا ئەو هەڵبژاردنانە لە هەرێمی کوردستان بکرێن. لەگەڵ بەغداش ئێمە بەردەوامین تاوەکو ئێستا دوای هەڵبژاردن بابەتی دەنگەکان یەکلانەکراوەتەوە، هەڵوێستی ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە روونبووە، ئێمە بۆ ئەوەی نیگەرانی بە تایبەتی حیزبە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت، ئێمە پشتگیری ئەوەمان کردووە دەنگەکان بە دەست ئەژماربکرێنەوە. ئێستاش تەئکید لەسەر هەڵوێستی خۆمان دەکەینەوە، چونکە پێمانوایە لە بەغدا هەموومان پێویستە بە یەکگرتوویی و پێکەوە لە بەغدا بەشداربین بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا:
پرسیار: بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو بەپێی ئەو لیستەی لە وەزارەتی دارایی ئامادەکراوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت، بەڵام لە لیستەکەدا وەزارەتی پەروەردەی تێدا نییە و ئەوەش کاردانەوەی مامۆستایانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی ئەوان لەکاتی دەوام یەکەم وەزارەت بوون کە مووچەیان پێدراوە، بەڵام ئێستا بەو پێیە بێت دەکەوتنە کۆتایی، ئایا چۆن وەڵامی ئەو گلەییەی مامۆستایان دەدەنە و هۆکارەکەی چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی بە نسبەت ئێمە گرنگە ئەوەیە، هەر 30 رۆژ جارێک مووچە بدرێت، هەتا ئێستا لەو چەند مانگەدا وەزارەتی دارایی بە سوپاسەوە ئەو خشتەیەیان رێکخستووە و 30 رۆژ جارێک مووچەیان داوە. ئینجا دواکەوتن یان پێشکەوتن، ئەوەی بە نسبەت حکومەتەوە گرنگە ئەوەیە هەر 30 رۆژ جارێک مووچەیەک بدرێت. من ئاگارداری ئەو نیگەرانییەم بەڵام ئەوە نابێت ببێتە جێی نیگەرانی، رەنگە لە کاتێکی دیکەدا وەزارەتێکی دیکە پێشبخرێت، واتە ئەمە بۆ مەبەستێکی تایبەتی نییە لە دواخستنی ئەوان.
پرسیار: ئێستا پرۆسەی ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست خەریکە بەڕێوەدەچێت، ئێوە وەکو حیزبە کوردستانییەکان و پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی سەرەکی کە چەند کۆبوونەوەیەکتان کردووە چاوەڕێی چین، ئایا کێ لە ئێوە نزیکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئاییندەی عێراق؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵی کۆبوونەوەکانی ئێمە برادەرانی یەکێتی بەردەوامە، ئەمڕۆش کۆبوونەوەمان هەیە، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە کورد بە یەکهەڵوێست بەشداربێت لە بەغدا، بەڵام تاوەکو ئێستا شتەکان لە بەغدا روون نین، یەکەم شت هەتا ئێستا ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن لەلایەن دادگاوە پەسندنەکراوە، ئەوە پرۆسەیەکە دەبێت بکرێت، کاتێک ئەو پرۆسانە کران، ئێمە پێمانوایە دوای ئەوە زاتر دەرفەت دروست دەبێت بۆ ئەوەی هاوپەیمانی دروست ببێت، تاوەکو ئەو پرۆسەیە تەواونەبێت، ئێمە نامانەوێ پەلە بکەین لە بابەتی دروستکردنی هاوپەیمانی، بەڵام لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە بەغدا بەردەوامین لە کۆبوونەوەکان بەشداردەبین، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەجێندا و بەرنامەی ئەو لایەنانەیە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ هەرێمی کوردستان، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایەش هاوپەیمانی دروست دەکەین.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، رووداو: تا ئێستا کورد لە بەغدا بە پەرتەوازەیی بەدیاردەکەوێت، ئایا لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کورد بە یەکدەنگی بچنە بەغدا؟
نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا کێشەیەکمان هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەو لایەنانەی کە گلەییان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە، وەک پێشتریش باسمکردووە بۆ ئەوەی نیگەرانی ئەو لایەنانە نەمێنێت، ئێمە پشتگیری لە ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە دەست دەکەین و ئەنجامەکە بۆ ئەوانیش روون بێت، بابەتی دووەم ئێمە بە تایبەتی لەگەڵ یەکێتی ئێستا ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەوەی کە قسە بکەین و هەوڵبدەین بە یەکگرتوویی لە بەغدا بین. ئێمە حەزدەکەین لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکەش ئەوانەی کورسیان بەدەستهێناوە و براوەن، دەمانەوێت پێکەوە بەشداربین لە بەغدا.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، رووداو: دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەتان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، ئایا ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە، ئایا پێتانوایە پەیوەندییەکانی حکومەتی تازەی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە زیاتر بۆ بابەتی پیرۆزبایی لە جەنابیان بوو بۆ ئەو سەرکەوتنە کە لە هەڵبژاردن بەدەستیهێنا، پیرۆزباییم لێی کرد. هەروەها هەردوولا تەئکید لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنقەرە بەرە پێشەوە بڕوات، بەڵێ پێموایە لە قۆناخێکی نوێداین، رەنگە لە دەرفەتێکیشدا بتوانم سەردانی تورکیا بکەم بۆ دیدار و گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا.
پرسیار: تاوەکو ئێستا کێشە ئەمنییەکانی کەرکووک چارەسەر نەکراون، ئێستاش داواکاری هەیە بۆئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، ئایا پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک؟ بەتایبەت ئێستا داعش لەو ناوچەیە دەرکەوتووەتەوە و رەشی شارەکەی ئاڵۆزکردووە؟
نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان زۆر بە نیگەرانی سەیری ئەو دۆخە نوێیە دەکات، لەوەی لە هەندێک شوێن داعش دەستیکردووە بە کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی سەربازی، ئەوەش جێی نیگەرانی ئێمەیە، بە تەئکیدیش هەرێمی کورستان بۆ دابینکردنی ئەمنیەت و ئاسایش لە هەموو ئەو سنوورانە ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی هاوکاری لەگەڵ بەغدا بکات، ئێمە هاوکار دەبین، هەر شتێک بە ئێمە بکرێت بۆ ئاسایشی ئەو سنوورانە لەسەر داوای بەغدا،.هەرێمی کوردستان ئامادەیە، چونکە بابەتی ئاسایش و ئەمنیەت ئەوەی لە شوێنەکانی دیکە هەیە کاریگەری لەسەر هەرێمی کورستان دەکات، ئەوەی لە هەرێمی کوردستانیش هەیە کاریگەری بەسەر شوێنەکانی دیکە دەبێت. لەڕاستیشدا ئێمە دووژمنێکی هاوبەشمان هەیە کە داعشە، هەم مەترسییەکەی گەورەیە بۆ بەغدا و هەم بۆ هەولێر و نەجەف و موسڵ و هەموو شوێنەکان، بە نسبەت خۆمانەوە وەکو هەرێمی کوردستان، ئێمە چەنیدنجار ئامادەییمان دەربڕیوە و دووبارەشی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ هاوکاری لەگەڵ بەغدا دابینکردنی ئاسایش.
پرسیار: مووچەی ئەو وەزارەتانەی ماوەی کەی و چۆن دابەشدەکرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: بەپێی داهاتی حکومەت مووچە خەرجدەکرێت.
پرسیار: ئایا هیچ لایەنێک لە هەرێمی کوردستان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.
نێچیرڤان بارزانی: بە فەرمی هیچ لایەنێک لە هەرێمی کوردستان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی لە ئێمە نەکردووە.
پرسیار: مەبەست لە پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان چییە، ئایا پێشمەرگە دەگەڕێتەوە. گفتوگۆتان لەگەڵ هاوپەیمانان و سوپای عێراق لەو بارەوە هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئارەزووی خۆمان دەربڕیوە هەم لەڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەم چەندین جاریش دووپاتمانکردووەتەوە کە ئامادەین هاوکاری بەغدا بکەین لەو رووەوە.
پرسیار: لە چەند رۆژی رابردوودا چەند کۆگایەکی تەقەمەنی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاگریان تێبەربوو، قسەی ئێوە لەو بارەوە چییە و لێکۆڵینەوەکان چی دەڵێن؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵی ئاگادارم، ئێمە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی لەڕێگەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە هۆکارەکەی بزانرێت، هێشتا زۆر زووە بتوانم قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەم، مەرج نییە ئەوەی لە شەقام باسی لێوە دەکرێت راست بێت، گرنگ ئەوەیە ئێمە ئێستا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان داناوە بۆ ئەو ئەو بابەتە، پێویستە چاوەڕێی دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە بکەین.
پرسیار: وادەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواوبووە، ئەنجوومەنی پارێزگاکان داوای ئەوەیان کردووە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێت، ئایا رای ئێوە لەو بارەوە چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران باسمان لەو بابەتە کردووە، رەنگە زیاتر پێویست بێت لایەنەکان تاوتوێی ئەو بابەتە بکەن، ئێمە چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین، بەڵام پارتی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادەیە، ئەوەی کە مەبەستیشمانە دەمانەوێت لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام چاوەڕێین بزانین لایەنەکان رایان لەسەر ئەو بابەتە چۆن دەبێت.
پرسیار: بۆچوونتان لەسەر دۆخی کەرکووک و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەو سنوورانە و بۆ کەرکووک تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەنێوان ئێمە و بەغدا نەبووە بۆ ئەوەی داوا لە ئێمە بکرێت هێز بنێرین یان پێشمەرگە بنێرین بۆ یارمەتیدانیان، بەڵام ئەمە بابەتێکە جێی نیگەرانی ئێمەیە، ئێمە زۆریش نیگەرانین بە تێکچوونی باری ئەمنی ئەو شوێنانە، ئەگەر داواکاری لە ئێمە بکرێت بۆ بابەتی دابینکردنی ئاسایش لەو سنوورانە بەڵێ ئێمە دەیکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە.
پرسیار: ئێستا هەوڵێک لەئارادایە بۆ دووبارە ناردەنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، ئایا ئەو هەوڵانە بەچی گەیشتن لەگەڵ حکومەتی عێراقی؟
نێچیرڤان بارزانی: من لەدوای رووداوەکانی ساڵی رابردووش، تەئکیدم کردووە بۆ بەغدا و جەنابی سەرۆکوەزیران کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە یارمەتی بەغدا بدات بۆ هەناردەکردنی ئەو نەوتەی کە ئێستا هەیە، کە لە دەوروبەری 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوت هەیە لە کەرکووک، کە تاوەکو ئێستا ناتوانن هەنارەدەی بکەن، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئامادەین، ئامادەین یارمەتیانبدەین لەڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە ئەو نەوتە بڕوات بۆ دەرەوە، تاوەکو ئێستا بەغدا رەزامەندنەبووە، لەو رۆژەوەی من پێم گوتوون تاوەکو ئێستا، ئەگەر رەزامەندیان پیشاندابووایە ئەوا لە دەوروبەری زیاتر لە 3 ملیار و 500 ملیۆن دەچووە سەر بودجەی بەغدا، من هەتا ئێستا تێناگەم بۆ بەغدا لەم بابەتە پەلە ناکات لەو بۆرییە کە بۆری هەرێمی کوردستانیش بێت، بۆری عێراقە، من پێموایە مەجالی ئەوە هەیە کە ئێمە یارمەتیانبدەین نەوتەکە لێرەوە بڕوات، ئێمە پێشمانگوتوون لاریمان نییە ئەو نەوتە لە هەرێمی کوردستانەوە بڕوات و لە بەندەری جەیهان، سۆمۆ وەریبگرێت و مەسەلەی فرۆشتنەکەی سۆمۆ لە ئەستۆی بگرێت، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا بەغدا وەڵامێکی نەداوینەتەوە لەوبارەیەوە.
پرسیار: سەبارەت بە دۆخی کارەبا، بە گوتەی پەرلەمانتاران بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردوویانە ژمارەیەکی زۆر لە وێستگەکانی کارەبا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە کاریان پێناکرێت، خەڵک دەپرسێت لە زستاندا نەوتەکە وەرناگرێت تاوەکو خۆی پێ گەرمبکاتەوە، لە هاوینیشدا وێستگەکانی پێ ئیش پێناکرێت، ئایا هۆکار چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ کارەبا کێشەیەکی گەورەیە، ئێمە ئێستە لە سێکتەری کارەبا خەریکی ریفۆرمێکی زۆر جیدین لەوەی کێشەی کارەبا بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان چارەسەربکات، کێشەی کارەبا کێشەی تەولیدی کارەبا نییە بەقەد ئەوەی گەیاندنی کارەبا بێت بۆ شوێنەکان. دوو کێشە هەیە؛ یەکەمیان ئەوەیە خەرجی لەسەر کارەبا زۆرە، دەتوانم بڵێم ئیسرافێکی زۆریش دەکرێت. دووەم وەکو پێویست پارەی کارەبا کۆناکرێتەوە، واتە هاوسەنگییەک لەو دۆخەدا نییە، کارەبایەکی زۆر دەڕوات و پارەیەکی کەم کۆدەکرێتەوە بۆ حکومەت. ئێستا ئێمە خەریکی ریفۆرمێکین کە لە ماوەی زوودا دەستمانپێکردووە، بۆ ئەوەی سێکتەری کارەبا هەمووی ببێتە سیم کارت، وەکو تەلەفۆن، تۆ چەند کارەبا بەکاردەهێنیت، ئەوەندەش پارەکەی دەبێت بدەیت، ئێمە خەریکی ئەو ریفۆرمانەین، بەڵام لەوە تێدەگەم ئێستا گەرمیشە دۆخەکەش بەڕاستی ناخۆشە، لە فەترەی گەرماش چونکە بەکارهێنان زیاتر بە دڵنیایی کێشەکەش گەورەترە.
پرسیار: بەو پێیەی ئێستا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانن، باس لە فرۆشتنەوەی چەک دەکرێت، ئەو چەکانەی وڵاتان ناردوویانە، گوایە لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەش لیژنەتەک لەوبارەیەوە پێکهاتووە و چەند کەسێکیشیان سزاداوە، ئایا راستی ئەو بابەتە چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا رەنگە هەندێک حاڵەت هەبووبێت، وەزارەتی پێشمەرگە بە بەردەوام لیژنەیان هەیە لەسەر ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن و دەستگیریان دەکەن سزایان دەدەن، ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە.
پرسیار: ئایا ئەوە راستە چەند پارتێکی کوردی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: هەتا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای نەکردووە هەڵبژاردن دوابخرێت.
پرسیار: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ بەغدا ئێستا لە چ ئاستێکدایە؟
نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باشە، ئەو قۆناخەی باش نەبووە تێمانپەڕاندووە، لە قۆناخێکی تەواو نوێداین لە پرسی پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ بەغدا، ئێمە هیوادارین بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە بەغدا ئێمە بتوانین هەموو ئەو کێشانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بە دیالۆگ ئینشەڵڵا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.
پرسیار: ئایا بڕیارتان نەداوە لەگەڵ پەرلەمان کۆببنەوە بۆ ئەوەی بگەنە خاڵی هاوبەش بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی چاکسازی لە پەرلەمان؟
نێچیرڤان بارزانی: راستی وایانلێکردووە خۆشم سەرم لێی دەرناچی، واتە وایانلێکردووە ئێستا هیچ وەڵامێکم نییە لەسەر ئەو بابەتە بیدەمەوە، لەگەڵ ئەوەش لەگەڵ پەرلەمان بەردەوامین ئینشائەڵڵا بتوانین چارەسەرێک بۆ ئەو مەبەستە بدۆزینەوە.
پرسیار: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کردنەوەی رێگای هەولێر – کەرکووک رەزامەندی پیشانداوە، ئایا هۆکاری تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەبوونی ئەو بڕیارە چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە پشتگیری هەموو هەنگاوێکین بۆ ئەوەی ئەو رێگانە بکرێتەوە، ئەوەی ماوە لەسەر ئێمە نەماوە، بەڵکو لەسەر بەغدا ماوەتەوە، تاوەکو ئێستا نابینم رەغبەتێکی جددی هەبێت لە بەغداوە بۆ ئەوەی ئەو رێگایانە بکرێنەوە، ئەگەرنا بۆ ئێمە وەکو هەرێمی کوردساتان ئێمە پێمانخۆشە و رامانگەیاندووە سبەی بکرێنەوە.
پرسیار: دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سێ پیشنیازی پێشکەش بە پەرلەمان کردبوو بۆ ئەوەی کورسی کۆتا بۆ ئێزدییەکان بکرێتە 3 کورسی و لە حکومەتیشدا گرنگیان پێبدرێت و پۆستیان پێبدرێت، ئایا رای حکومەت لەو بارەوە چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: وەکو شەخسی خۆم من پشتگیری ئەو داوایە دەکەم، ئێمە هەرچییەکیان بۆ بکەین پێموایە باشە، ئەگەر ئەوان بە ئێمە رازیببن و ئارەزوو بکەن، من خۆم بە شەخسی پشتگیری دەکەم و بە فکرەیەکی باشی دەزانم و هیچ کێشەیەکیش نییە.
پرسیار: بەهۆی ئەو پێکدادانەی ئێستا لە قەندیل لە نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە، رۆژانە گوێبیستی ئەوە دەبین لەو رووداوانە خەڵکی سڤیل دەبێتە قوربانی و ماڵ و سامانی خەڵکی ناوچەکە زیانی بەردەکەوێت، ئایا وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دانوستاندنتان لەگەڵ پەکەکە و تورکیا کردووە؟
نێچیرڤان بارزانی: زۆر نیگەرانین لەوەی لە هەندێک شوێن و هەندێکجار هاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. بەڵام واقیعێک هەیە، ئێمە نابێت ئەو واقیعە نەبینین، ئەو ئۆپەراسیۆنانە بۆ لە هەرێمی کوردستان دەکرێن؟ چونکە پەکەکە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر تورکیا و بگەڕێتەوە، ئەوە هۆکارەکەیە. ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان دژی ئەوەین، ئێمە دژی ئەوەین خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت بۆ هێرشکردنە وڵاتانی دراوسێی ئێمە، چ دژی ئێران و چ دژی تورکیا بێت، بەرپرسیارێتی ئێمە، بەرپرسیاریێتی کوردستانی عێراقە، ئێمە چەندینجارە داواشمان کردووە، داوامان لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کردووە کە دەبێت سنوورێک بۆ ئەو مەسەلەی دابنرێت، داوامان لە پەکەکەش کردووە کە نابێت ببنە هۆکاری ئەوەی کە ئەو زەرەر و زیانانە بەر خەڵک بکەوێت. خەڵکی کوردستان دەبێت ئەوە بزانێت ئەوە یەکلایەنانە نییە، ئەو شتانەی کە دەکرێت خەتای پەکەکەیە، ئەو شتانەی کە دەکرێت سبەی خەتای ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە کە لە خاکی هەرێمی کوردستان سوودوەردەگرن. ئەمە هاوکاری ئێمە نییە، ئەوە قەت هاوکاری هەرێمی کوردستان نییە، چەندینجاریش داوامان لێیانکردووە یارمەتیمان بدەن، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاکی ئێمە ئەنجاممەدەن، نەچن لە کوردستان و عێراقەوە لەو شوێنانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەن و بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.