ئاماژەکانی گۆڕینی رژێمی ئێران چین؟

0

نوچەنێت

وردبوونەوە لە لێدوانە هەڕەشە ئامێز و مەترسیدارەکانی جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیدارەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتن لە گەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی سی.بی.ئێن، وێنەیەکی روونترمان سەبارەت بە گۆڕینی رژێمی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دەخاتە بەردەم. ئەم لێدوانانە ئاماژەیەکی ڕوونن تاکوو بگەین بەو باوەڕە، کە شەڕی داهاتووی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕ لە گەل ئێران دەبێت و بە ئەگەری زۆر، ئەم بەریەککەوتنە لە ئایندەیەکی نزیک رووبدات.

بۆڵتۆن لە بەشێک لە لێدوانەکەی گوتی: بەشار ئەسەد کێشەی ستراتیژی ئەمریکا نییە، ئەوەی کێشەی ستراتیژیە، رژێمی ئێرانە. بە گوتەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، تەنها دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کێشەی سەرەکی نییە، بەڵکوو پاڵپشتی تاران لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی هێزەکانی لە کەنداو، کۆمەڵێک کێشەی سەرەکی دیکەن.

ئاماژەکان ئەوە دەخەنەڕوو، کە گۆڕانێکی ریشەیی لە سیاسەت و ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە ئارادایە. ئێران لە وڵاتانی لوبنان، ئەفغانستان، عێراق و کەرتی غەزە لە رووی مەیدانییەوە ئامادەیە، پێناچێ ئەمریکا بە ئاسانی سیاسەتی ناوچەیی ئێران پشتگوێ بخات.

ئەو ئاماژانەی، کە پێمان دەڵێن، ئەمریکا پلانی هێرش و لێدانی ئێرانی هەیە برتین لە:

یەکەم: هەڕەشەکانی ترەمپ پەیوەستە بە گەمارۆدانی تەواوی ئێران.

دووەم: پەیوەندی تەلەفۆنی سەرۆکی ئەمریکا و شای سعودیە و داوا لەم وڵاتە، کە رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بەرز بکاتەوە، لە ئەگەری شەڕ لە گەڵ ئێران و هێرش بۆ سەر چاڵە نەوتییەکانی ئەم وڵاتە یان راگڕتنی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین، هیند، تورکیا، فەرەنسا، ئیتالیا و یۆنان. ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاندووە، کە داوا لە هاوپەیمانانی دەکات، هاوردەی نەوتی خۆیان لە ئێران رابگرن و تاکوو ئێستاش چەند وڵاتێک بە دەم داواکەی واشنتۆنەوە هاتوون. بۆ ئەم مەبەستەش لە رۆژانی داهاتوو شاندێکی ئەمریکا سەردانی وڵاتانی عەرەبی کەنداو دەکات، کە خاوەن نەوتن.

سێهەم: ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا و هاندانی هاوپەیمانانی بۆ ناردنی هێز بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی حەشدی شەعبی، حزبوڵڵا و هێزە میلیشیاییەکان.

چوارەم: راگرتی پشتیوانیەکانی بۆ گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا لە باشوری رۆژئاوای سوریا. ئەمریکا راشیگەیاندووە، چیدی ئامادە نییە لە بەرەکانی شەڕی دەرعا و سویداء، بەرامبەر بە سوپای سوریا پاڵپشتی لەم گروپانە بکات.

پێنجەم: پابەندبوونی ئەمریکا بە بنکەی سەربازی “تنف” لە سنوورەکانی عێراق و سوریا و نزیک ئۆردن، بە ئامانجی رێگرتن لە ئامادەبوونی سوریا و هاوپەیمانانی لە رۆژهەڵاتی فورات، دواتر رێگرتن لە گەیاندنی یارمەتی بە هێزەکانی ئێران و هاوپەیمانانی لە عێراق، سوریا و لوبنان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com