نوچەنێت: تایبەت
ئه‌مڕۆ سێشەممە 3-7-2018، لیژنه‌ی پێشمه‌رگه لە په‌رله‌مانى كوردستان، له ته‌لاری په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگە، به‌سه‌رۆكایه‌تی فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌میندارغ گشتی وه‌زاره‌ت کۆبوونەوە، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمان دەڵێت “كۆبوونه‌وه‌كە بۆ له نزیكه‌وه ئاگاداربوون و باسكردنى دۆخی ژیان و گوزه‌رانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بووە له سه‌نگه‌ره‌كان”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان جەعفەر، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکەیان لە گەڵ وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند “كۆبوونه‌وه‌كەیان بۆ له نزیكه‌وه ئاگاداربوون و باسكردنى ژیان و گوزه‌رانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بووە له سه‌نگه‌ره‌كان، بەهۆی ئەو گەرما زۆرەی، کە هەیە. هەروەها باسکردن بووە لە خواردن و حەوانەوەی پێشمەرگە، کە ئێستا باش نییە”.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە دەڵێت “هەر لەو کۆبوونەویەدا چەند پرسێکی دیکەمان باسکرد، لەوانە بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرانی پێشمەرگە، چاکسازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە، موچەی پێشمەرگە بە گشتی و بەتایبەت موچەی کەمئەندامانی سەنگەر و خانەنیشینانی پێشمەرگە و ئەوانەی، کە لەناو وەزارەت موچە وەردەگرن. ئەمانە تاکو ئێستا لە ٥٠% ی موچەکانیان پاشەکەوت دەکرێت، ئەمە بۆ کەمئەندامانی سەنگەر غەدرێکی ئێجگار زۆرە، لە بەرئەوەی ئەوان بەهۆی بەرگریکردن لەکوردستان جەستەی خۆیانیان بەخشیوە”.
شیلان جەعفەر گوتیشی “خاڵێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسکردن بوو لەسەر لیژنەی پزیشکی پێداچوونەوە بە کەمئەندامانی سەنگەر، کە بۆ نزیکەی دوو ساڵ دەبێت دەستبەکار بووە، لە کۆی 8000 کەمئەندام توانیویانە 5054 کەمئەندام ببینن، لە کۆی ئەو ژمارەیەش 2212 کەس، کە بە کەمئەندامی تۆمارکراوە، ناوەکانیان دەرنەچوون و کەمئەندام نین، ناوەکانیان لە لیست دەرهێنراون”.