نوچەنێت: تایبەت
سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێنج كۆچبەری كورد لەدەست هێزە چەكدارەكانی سوریا رزگاركران و درەنگانی شەوی رابردوو گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
ژمارەیەک کۆچبەری کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی وڵاتی تورکیا ڕادەستی هێزەکانی بەرەی نوسرە و ئەحراری شامی سوریا کران، دواتر ڕێکخراوی گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی پەنابەران، هەستا بە بەدواداچوون و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، لەبارەی ئازادکردنی ژمارەیەک کۆچەری کورد، رایگەیاند “دوای زیاتر لە ٢٠رۆژ بەندکردنیان لەلایەن هێزەکانی بەرەی نوسرە و ئەحراری شامی سوریا، زانیمان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی دژەتیرۆردا، بە پلانێکی چەند قۆناغی توانیمان لەزیندانێکەوە بیان گوازینەوە بۆ زیندانێکی تر و دواتر ئازادیان کەین”.
سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی، کە ئازادکراون پێنج کەس بوون و ڕێکخراوەکەیان توانیویەتی لەو ناوچەیەوە بیان گوازێتەوە بۆ ناوچەیەکی ئارامتر و باشتر. دەشڵێت “بەو پێیەی رێگایان پێنادەن لەژێر دەسەڵاتی خۆیان بڕۆن لە دوای ئازاد کردنیشیان، دیارە چەندین جار ڕووبەڕووی مەرگ بوونەتەوە و تەقەیان لێکراوە کاتێک، کە ویستویانە بە شوێنێکی نایاسایی خۆیان دەرباز بکەن، بەڵام توانراوە هاوکاری و کار ئاسانی باشیان بۆ بکرێت و بیان گوێزینەوە بۆ شوێنێکی باشتر”.
ئاری جەلال گوتیشی “شەوی رابردوو کاتژمێر 2:00 هەموویان گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان و ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە. هەروەها ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین و پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت هەرکەسێک دیپۆرتکرابێتەوە و پەیوەندی بە ڕێکخراوەکەی ئێمەوە کردبێت، گەڕاندوومانەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان”.