چالاکوانێکی سیاسی: ئێران خۆی پێ راناگیریێت

0

نوچەنێت: تایبەت

چالاکوانێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیەنێت، گوشارەکان لەسەر حکومەتی ئێران هەم کاریگەریی ئابووری و هەم کاریگەریی دەروونی و زیهنی داناوە. دەشڵێت “ئێران هیچ دۆستێکی ستراتیژیکی، جگە لە گروپە تیرۆریستییەکان”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عیرفان رهنمون، چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی کاریگەری گوشارەکانی سەر ئێران، رایگەیاند: گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا ، کاریگەری قووڵی داناوە. هەم کاریگەریی ئابووری و هەم کاریگەریی دەروونی و زیهنی. واتە دراوی ئێران لە بەرامبەر دراوە جیهانییەکاندا، هاڕەی کردووە و بازاڕ وەستاوە و خەڵک لە ترسی شەڕ و داهاتووی نادیار، زێڕ و زیو دەکڕن و هەموو کەرەستەیەکی ژیان دووقات و چەند قات، گران بوە و خەریکە ترسی خەڵک لە رژێمی ئێران دەشکێ و هەر رۆژ لە شارێکی ئێراندا، خۆپیشاندان دەکرێ.

عیرفان رهنمون ئاماژە بەوە دەکات، کە خەڵک خەریکن باوەڕ بەوە دێنن، کە رژیم دوا ساڵەکانی تەمەنی تێپەڕ دەکات. گوتیشی “پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لەزۆر ناوچەی کوردستاندا، کۆبوونەوەی جەماوەرییان بۆ خەڵک گرتووە و تەنانەت بە رۆژی رووناکیش چوونە ناو شاری “شنۆ” لە رۆژهەلاتی کوردستان و کۆبوونەوەیان بەماوەی نزیک بە ٣ کاتژمێر بۆ خەڵک گرت و لەلایەن، خەڵکی رۆژهەڵاتەوە، پێشوازییەکی گەرمیان لێ کراوە.

ئەو چالاکوانە سیاسییە پێیوایە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران، دوایین قۆناغی تەمەنی خۆی تێپەڕ دەکات. بەڵام دیار نییە ئەم قۆناغە چەند مانگ یان چەند ساڵ دەخایەنێ. ئامریکا دەیەوێ تا پاییز، وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران ناچار بکات، کە ئیتر نەوت لە رژێمی ئێران نەکڕن؛ ئەمەش واتە داتەپین و داڕمانی یەکجارەکی ئابووری ئێران.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، کە خەباتکارانی کورد، بەلووچ و عەرەب، لە ناوخۆی ئێراندا، خەریکی چالاکی چەکدارین. هەروەها ئێران لە ناوچەکە و جیهان دا، تەریک ماوەتەوە و هیچ دۆستێکی ستراتیژیکی، جگە لە گروپە تیرۆریستییەکان نییە. بۆیە بەدووری دەزانم، کە ئێران بتوانێ خۆی بەپێوە ڕابگرێ.
لەبارەی رووخانی ئەو دەسەڵاتەوە عیرفان رهنمون گوتی “یان بە شۆڕشی جەماوەری، یان بە پاشەکشە یان بە جەنگ دەڕوخێ. لە ئێستادا، روون نییە، کە دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات و کام یەک لەو ئەگەرانە، دێنە دی. بەڵام ئەوە روونە، کە ئێران لە دەروازەی ئاڵوگۆڕی چارەنووسساز دایە.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com