پەیوەندیيەکانی تەل ئەبیب و ریاز لە چ ئاستێکدایە؟

0

نوچەنێت

ناوەندێکی لێکۆڵینەوەى ئیسرائیلی لە دوایین راپۆرتی خۆيدا، وێڕای ئاماژەکردن بە ئاستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی تەل ئەبیب  لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی میانەڕەو لەوانە میسر، ئوردن و سعودیە، رایگەیاندووە کە تەل ئەبیب و ریاز سەبارەت بە کۆمەڵێک کەیسی نهێنی گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.

ناوەندەی لێکۆڵینەوە ئاسایشی زانکۆی تەل ئەبیب، کە ئەم راپۆرتەی بڵاوکردۆتەوە، نووسیویەتی: بە هۆی پەرەسەندنی تۆڕی بەرژەوەندیيە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی میانەڕەوی عەرەب و نموونە سەرکەوتووەکانی هاوکاری هاوبەش، تەل ئەبیب هەلێکی زێڕینی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیيەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا هەیە. ئەمەش دەتوانێ بە رێگەی خستنەوە رۆژەڤی ئەم گفتوگۆیانە، جارێکی دیکە سەرنجی وڵاتانی عەرەبی بخاتە سەر ئەم بابەتە، کە هەمان ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیيەکانە لەگەڵ ئیسرائیل.

ئەم لیکۆڵینەوەيه‌، کە لە لایەن موشە یەلعون، وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای ئیسرائیل ئامادەکراوە، ئاماژەی بە میسر، وەک یەکەمین وڵات و ئوردن وەک دووەمین وڵاتی عەرەبی کردووە، کە پەیوەندیيەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووه‌تەوە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، گۆڕانکاریيەکانی ئەم دواییانەی جیهان و ناوچەکە، ئەولەوییەتی وڵاتانی میانەڕەوی عەرەبی گۆڕیوە و کاریگەری هەبووە لە سەر ڕوانینیان بۆ ئیسرائیل. بە جۆریک، کە ئێستا ئەم وڵاتانە پێیانوایە، کە ئیسرائیل هاوبەشێکی جێی متمانەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و کێشە ناوچەییەکان.

لەم لێکۆڵینەوەیە کە بە هاوکاری لیهیا فریدمەن، لێکۆڵەری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل ئامادەکراوە، هاتووە: هەموو کێشە ناوچەییەکان بە تایبەت لە وڵاتانی عەرەبی هاوکات بوو لەگەڵ کەمبوونەوەی سەرنجەکان لە سەر کێشەی فەلەستین و ئەمەش لە خۆیدا بووە هۆکاری نزیک بوونەوەیان لە ئیسرائیل وەک واقعێک.

بەرژەوندییە ستراتیژیەکان

لە بەشێکی دیکەی ئەم لێکۆڵینەوەدا هاتووە: وڵاتانی میانڕەوی عەرەبی دان بەوە دادەنێن، کە بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ ئیسرائیل شکڵی گرتووە، ئەم رەوتە بە تێپەڕبوونی کات تا دێ بەرجەستە دەبێتەوە. لە چوارچێوەی ئەمنی، هاوکارییەکان لە نێوان ئیسرائیل و ئوردن و میسر، شکلی گرتووە. سەرباری ئەمەش ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی هاوکاری ئەمنییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، کە لە ڕووی جوگرافییەوە مەودایەکی درێژیان لە نێواندا هەیە.

لە بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی زیاتری ئیسرائیل و میسر و سعودیە دراوە. ئیسرائیل رێگەی دا تاکو میسر هێزەکانی خۆی ڕەوانەی سەحرای سینا بکات، وەک بەشێک لە ستراتیژی شەڕی دژ بە داعش. ئەمە خۆى له‌ خۆیدا لەگەڵ رێککەوتنی کەمپ دەیڤید ناتەبایە، هەروەها ئیسرائیل نێوەندگیری لە نێوان میسر و سعودیە کرد بۆ گەڕاندنەوەی دوو دوورگەی سەنافیر و تیران بۆ سەر ریاز.

لێکۆڵینەوەکە سەبارەت بە سعودیە دەڵێت “لووتکەی نزیک بوونەوەی پەیوەندیيەکانی سعودیە و تەل ئەبیب، لە گفتوگۆی جەنەڕاڵ گادی ئایزنکۆک، سوپاسالاری ئیسرائیل لە نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٧ خۆی دەردەخات. لەم گفتوگۆیەدا سوپاسالاری ئیسرائیل ئامادەی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ وڵاتانی میانڕەوی عەرەبی خستەڕوو.هەرچۆنێک بێت جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە سەبارەت بە پرسە جیاوازه‌کان بەدی دەکرێ. ئەم لێکتێگەیشتنە، کە لە ساڵانی رابردوو وێنەی نەبووە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، کۆی ئەم فاکتەرانە یارمەتی ئیسرائیلی داوە، تاکو هەلی تایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و پەرەپێدان بە پەیوەندیيەکانی نێوانیان بۆ بڕەخسێت.

وەک ئەنجامگیری لێکٶلینەوەکە ئاماژە بە  هاوکاریيەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی دوورە دەستی عەرەبی کراوە. پێناچێ کاتەکە بۆ ئاشکراکردنی ئەم پەیوەندییانە گونجاو بێت. بەڵام هەمووی ئەمانە نیشان دەدات، کە گۆڕانێکی جیدی لە نەخشەی بەرژەوەندی وڵاتان هاتۆتە ئاراوە بە جۆرێک کە ئیسرائیل وەک وڵاتێکی کێشە ساز گۆڕاوە بۆ فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ناوچەییەکان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com