نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دوای پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێم، دەزگا ئەمنییەکان زیاتر دەستکراوە دەبن بۆ رێگریکردن لەکاری تیرۆرستی.
رۆژی ١٦-٧-٢٠١٦، کۆتایی بە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هات، لە دانیشتنی رۆژی یەكشەممە ١-٧-٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستاندا، لە بڕگەی یەکەمدا، کە گفتۆگۆکردن بوو لەسەر درێژکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان، یاسایەکە پەسەندکرا و بۆ ماوەی دووساڵ درێژکرایەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەردان خدر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە گرنگی درێژکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، رایگەیاند “بە پەسەندکردنی یاساکە، دەبێتە هاندەرێک تاکو دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر زاڵ و دەستکراوەتر بن، بۆئەوەی رێگری بکەن لە هەر کردەوەیەکی نەخوازراوی تیرۆرستی یان هەر هەوڵێکی تیرۆرستی، ئەگەر ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان ببێتەوە”.
مەردان خدر دەڵێت “مەترسی تیرۆر ئێتستا مەترسییەکی جددی و هەمیشەییە و مەترسییەکی رۆژانەیە لەسەر کۆمەڵگاکان و وڵاتان، لەهەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی مەترسی تیرۆر، چرکە بە چرکە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بۆیە درێژکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەنگاوێکی باشبوو”.