نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی کۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە ئامادەبوونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، رۆژی دووشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان، کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ ئەندام دەبێت، لە چەند فراکسیۆنێکی جیاواز، داوای بانگهێشتکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستانیانکردووە بۆ دانیشتنێکی پەرلەمان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. بەهار مەحمود، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بانگێشتکردنی کۆمسیۆن بۆ پەرلەمان، رایگەیاند “رۆژی دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت بە ئامادەبوونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، چونکە بەپێی یاسای کۆمسیۆن، کۆمسیۆنی هەرێم لە ژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستاندایە”.
هاوکات روونیشیکردەوە و گوتی “راستە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم، دەستەیەکی سەربەخۆیە، بەڵام لەڕووی چاودێرییەوە خازعە بۆ چاودێری پەرلەمانی کوردستان، بۆیە ئاسایییە پەرلەمان لە هەر کاتێکدا داوابکات، کە کۆمسیۆن ئامادەیی تێدابێت”.
لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ کۆمسیۆن بەهار مەحمود، دەڵێت “بە مەبەستی ئەوەی پەرلەمان بزانێت، کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی چییە و چی کردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، کە بڕیارە رۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨ ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، چونکە تۆماری دەنگدەران تۆمارێکە پڕە لە ناوی ساختە و ناوی وەهمی و ناوی مردوو”.