نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوبەری پێشووی ئاسایشی دووز خورماتوو رایدەگەیەنێت، کە هێزە عێراقیەکان و حەشدی شەعبی شکستیان هێناوە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەمنیەتی کەرکوک، تەنها پێشمەرگە و ئاسایش دەتوانێت کەرکوک بپارێزێت.
لە دوای روداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، دۆخی ئەمنی کەرکوک ناجێگربووە و رۆژ لەدوای رۆژ دۆخی ئەمنی ئەو شارە بەرەو ناجێگیری دەڕوات، بۆیە جارێکی تر لەسنووری كەركوك گروپی تیرۆرستی داعش سەری هەڵداوەتەوە و بوونەوتە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەقید کاوە مەلاپەروێز، بەڕێوبەری پێشووی ئاسایشی دووز خورماتوو، سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچە دابڕێنداوەکانی هەرێم، رایگەیاند “لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەمنیەتی پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی دەورووبەری تێکچووە و هێزە عێراقیەکان و حەشدی شەعبی نەیانتوانیوە ئەمنیەتی ئەو ناوچانە بپارێزن و شکستیان هێناوە لەکۆنتڕۆڵکردنی ئەمنیەتی کەرکوک و ناوچاکانی”.
بەرێوبەری پێشووی ئاسایشی دووزخورماتوو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کەرکوک شەڕ لەگەڵ داعش نەکراوە، بەڵکو ئەوی کراوە رێککەوتنێکی سیاسی بوو، ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەش وایکرد، کە جارێکی دیکە داعش دروست ببێتەوە لە سنورەکە، بۆیە ئێستا داعش بەدڵی خۆی تەراتێن دەکات لە کەرکوک و دەوروبەری.
هەروەها گوتیشی”تاکو کورد نەگەڕێتەوە کەرکوک و ناوچەکانی دەورووبەری، دۆخی کەرکوک، لەمەی ئێستای خراپ تر دەبێت. تەنها هێزی پێشمەرگە و ئاسایش دەتوانێت ئەمنیەتی کەرکوک بپارێزێت”.