نوچەنێت: تایبەت
چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، دەرکردنی ئێران لە عێراق کاریگەری زۆری دەبێ لەسەر داهاتووی ئەم وڵاتە. دەشڵێت “رەوتی گۆڕانکارییەکان ناوچەکە دەگرێتەوە و ئەمریکاش مەبەستی لە گوشارەکانی بۆ سەر ئێران، تەنیا دۆخی ناوخۆی ئێران نییە.
ئێران لە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجی درێژماوەی خۆی بۆ دروستکردنی هیلالی شیعە، رووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتی چاوەڕواننەکراو بۆتەوە، کە یەک لەوانە کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی سەرەڕای ناڕەزایی هاوپەیمانانی و گەڕاندنەوەی گەڕاندنەوەی گەمارۆکانبۆسەر ئەو وڵاتە و گوشار هێنان بۆ دەرکردنی ئێران لە پایتەختی چەند وڵاتێکی عەرەبی (عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن).کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی خۆی بە دوادا دێ.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی فەیلی، چاودێری سیاسی، لەبارەی بارودۆخی عێراق و پێشهاتەکانی ناوچەکە، رایگەیاند: دەرکردنی ئێران لە عێراق کاریگەری زۆری دەبێ لەسەر داهاتووی ئەم وڵاتە، بەتایبەتی لەسەر لایەنی شیعە، کە بە پشتگیری تەواوی ئێران دەسەڵات و هژموونی خۆیان پەرە پێداوە.
عەلی فەیلی دەڵێت: لەو کاتە ئەو لایەنی شیعە ناتوانن باڵا دەستبن لە عێراق؛ هەوەها رۆڵی لایەنەکانی تر زیندوو دەکرێتەوە وەک کورد و سوننە. بەڵام ئەم گوڕاکاریانە بە خێرایی نابێ و کاتی دەوێت، چونکە ئێران لە عێڕاق ریشەی کوتاوە و رەنگە بەشێوەی رێکخراوە مەدەنییەکان و کۆمپانیاکان دیار نەبێ بەڵام هەر دەمێنێ.
فەیلی گوتیشی “راستە سوپای قودس و هێزەکانی دیکە دەکشێنەوە، بەڵام کاریگەری ئێران زۆرە و لە راستیدا ئاسان نابێ. دەشڵێت “رەوتی گۆڕانکارییەکان ناوچەکەش دەگرێتەوە و ئەمریکاش مەبەستی لە گوشارەکانی بۆ سەر ئێران، تەنیا دۆخی ناوخۆی ئێران نییە، بەڵکو ئەو گۆڕانکارییەیە لە ناوچەکەدا بەتەواوی رووبدات. ئێران بە نیاز بوو هیلالی شیعی لە ناوچەکەدا دروست بکات و بگاتە سنووری ئیسرائیل و دەریای سپی، ئەمەش لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل بەتایبەتی و سعودیە و میسر و ئیمارات قبوڵکراو نییە، کە ئێران ئەو رۆڵەی هەبێ.