نوچەنێت: تایبەت
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-7-2018، سێ تەقینەوەی جیا جیا لە کەرکوک روویاندا. ئەندامیكی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش دەڵێت “نیشانەی ئەوەیە، کە لایەنی ئەمنی و هەواڵگری زۆر لاوازە و ئەوەی دەڵێن، کەرکوک ئارامە راست نییە”.
سێ تەقینەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-7-2018، کەرکوکیان هەژاند و بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و چەند چەکدارێکی نەناسراو روویدا، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکان نەزانراون”.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی دوو رۆژە مەعن سەعدی، فەرماندەی دژە تیرۆری عێراق و حاکمی سەربازی کەرکوک بۆ رێگریکردن لە جموجۆڵەکانی داعش لە باشووری کەرکوک پلانێکی ئەمنی راگەیاندووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە لیستی برایەتی، لەبارەی دۆخی کەرکوک رایگەیاند: روودانی تەقینەوە و نائەمنی لە کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ دوو هوکار، کە ئەویش لایەنی ئەمنی و هەواڵگری زۆر لاوازە و رێکخراوی داعش-یش دەستی کردووەتەوە بە جموجۆڵ.
ئەحمەد عەسکەری دەشڵێت: ئیمە زۆر داوامان، کەرکوک پارێزراو نییە، بەڵام گوێ ناگرن و لە راگەیاندنەکان دەڵێن کەرکوک هیچ کێشەیەکی ئەمنی نییە و زاڵین بەسەر دۆخەکەدا. لە راستیدا هەمووی بانگەشەیە و هیچی دیکە. هەروەها ئەم شارە پڕبووە لە خەڵکی نەناسراو کەس نازانێ ئیشیان چییە، لێپرسینەوەیان لە گەڵ ناکرێ.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاشکرای دەکات، کە لە تەقینەوەکانی ئەمڕۆی کەرکوک کەسێک کوژراوە و 21 کەسی دیکەش برینداربوون، لە کاتێکدا بەتەواوەتی زیانەکان دیار نیین.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شوێنی روودانی تەقینەوەکان بەمشێوە بووە:
تەقینەوەی یەکەم، لە نزیک هۆڵی وەرزش و لاوانی کەرکوک لەبەرامبەر جەواهیر مۆڵ، کە ماوەی مانگێکە کۆمیسیۆن وەک کۆگا بەکاریهێناوە روویداوە و بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێک زیان بەر کۆگاکە گەیشتووە، دوای تەقینەوەکەش دەستڕێژی گوللە کراوە.
تەقینەوەی دووەم، لە بەردەم کۆگایەکی دیکەی کۆمیسیۆن لە نزیک بازاڕی سەوزە و میوە لە باشووری کەرکوک بەهۆی بۆمبی چێنراو روویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکان بە دروستی نەزانراون.
تەقینەوەی سێیەم، لە گەڕەکی عەسکەری شاری کەرکوک بووە کە بەهۆیەوە دوو نارنجۆکی دەستی بە دەرگای کۆگایەکەوە بەستراوە و دوای تەقینەوەکەش شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەند چەکدارێکی نەناسراو کە تاوەکو ئێستاش نەزانراوە کێن روویداوە.
