نوچەنێت
سەرۆککۆماری عێراق، داواکات لایەنەکان ئەنجامی بە دەست جیاکردنەوەی دەنگەکان قبوڵبکەن. هاوکات بانگهێشتی لایەنەکان دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان.
فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی تەمەنی یاسایی خوولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “گەرمترین سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەمو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەستەی سەرۆکایەتی دەکات، لە پای هەموو هەوڵ و کۆششە بەرچاوەکانیان و ئەو خزمەتانەی، کە پێشکەشیان کردووە لەپێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەیان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا”.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هاندەدات هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکانی بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان.
فوئاد مەعسووم داوا لە هێزە سیاسییەکان و هاوڵاتییان دەکات “بەو پەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن بە پلەی بەرزە و پابەندی هەستکردن بە لێپرسراوێتی بن بۆ بەدوورگرتنی وڵات لە هەر کێشە یان قەیرانێک لەم ماوەیەدا تاوەکو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنرێت و دادگای فیدراڵی پەسندی دەکات بۆ خۆشکردنی زەمینەی دەستبەجێ دەستبەکاربوونی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران و بەکارهێنانی دەسەڵات و ئەرکە دەستورییەکانی”.
لەبارەی بڕیاری بە دەست جیاکردنەوەی دەنگەکان، سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە کوتلە سیاسییەکان دەکات “ئەنجامی بە دەست جیاکردنەوەی دەنگەکان پەسندبکەن، کە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە. پێویستی پابەندبوونی هەموو کوتلە سیاسییەکانیش دووپاتدەکاتەوە بە وادە دەستوورییەکانی تایبەت بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بۆ زامنکردنی ئەرکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دواتریش راسپاردنی کاندیدای گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەو ماوەیەی، کە دەستوور بڕیاری لەبارەوە داوە.
لە بەیاننامەکەدا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوا لە کوتلە سەرەکییەکان دەکات بۆ کۆبوونەوەیەک لە رۆژانی داهاتوودا “بە مەبەستی تاوتوێکردنی داواکاریی و ئەرکەکانی قۆناغی داهاتوو. هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر رێوشوێنەکانی گەشەپێدانی ئیدارەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و رێزگرتنی ئیرادەی گەل لە پاراستنی بنەما و پایەکانی سیستەمی دیموکراسی فیدراڵی”.