نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق هیچ بڕە بەنزینێکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
ئەو بەنزینەی بڕیارە رەوانەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بکرێت، بڕەکەی پێنج ملیۆن لیترە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان، بە جۆرێك یەك ملیۆن لیتری بۆ پارێزگای دهۆك، دوو ملیۆن لیتر بۆ پارێزگای هەولێر و دوو ملیۆن لیتریش بۆ پارێزگای سلێمانی بێت، حكومەتی عیراقیش داوای كردووە، بۆ لیترێك بەنزین 600 دینار بگەڕێتەوە بۆی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. غالب محەمەد، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە ناردنی بەنزین لەلایەن بەغداوە رایگەیاند “ئەو بەنزینەی، کەبەغدا بڕیارە بینێرێت، دەبێت بۆ هەر لیترێک نرخەکەی ٤٥٠ دینار بێت، بۆیە هەست ناکەم ئەو بەنزینەی ئێستا باس دەکرێت بەغدا بینێرێت، بەڵکو ئەوە رێککەوتنێکە لە نێوان کۆمپانیای کار و حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بەنزینی خراپ بە هاوڵاتیان بفرۆشن”.