نوچەنێت
حکومەتی عێراق سزای لە سێدارەدانی بەسەر “12 ئەندامی داعش” جێبەجێکرد.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو کەسانە لە کاتێکدایە، کە گروپێکی داعش 17 پۆلیسی عێراقیان لە سەر رێگای کەرکوک – بەغدا رفاندن و لەبەرامبەر ئازادکردنیان داوای ئازادکردنی ژنەگیراوەکانی داعشیان دەکرد. دواتر 8 لە دیلەکانیان کوشتن و تەرمەکانیان لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا فڕێدا.
بەرەبایانی رۆژی هەینی 29-6-2018، نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو 12 داعشە رۆژی پێنجشەممە 28-6-2018 بە رێنمایی حەیدەر عەبادی لەسێدارە دراون.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەو 12 کەسەش، ئەندام و چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوون و دەستیان لە چەندین کردەی تیرۆریستی هەبووە و پێشتر دادگا ئەو سزایەی بەسەردا سەپاندبوون.