نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی لە موسڵ رایدەگەیەنێت، لە لای بەشی راستی موسڵ، کە وێرانەیە، داعش بە ئاشکرا بوونی هەیە و تەنانەت هەندێک شوێن قەدەغەکراوە و کەس ناوێرێ هاتووچۆی بکات.
بە گوێرەی شارەزایانی سەربازی و سیاسی، لە دوای رزگارکردنی شارەکانی عێراق لە دەست چەکدارانی داعش، هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەیانتوانیوە دەست بەسەر تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا بگرن، بۆیە چەکدارانی داعش و شانە نوستتووەکان توانییان خۆیان رێکبخەنەوە و جارێکی دیکە بوونەتە مەترسی بۆسەر
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی لە موسڵ لە بارەی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچەیە لە پەترسییەکانی داعش رایگەیاند: لە لای بەشی راستی موسڵ، کە وێرانەیە، داعش بە ئاشکرا بوونی هەیە و تەنانەت هەندێک شوێن قەدەغەکراوە و کەس ناوێرێ هاتووچۆی بکات؛ چەکدارانی داعش لەوێ خۆیانیان حەشار داوە و بە شەو دێنە دەرەوە و هەموو شەوێک شەڕە تەقەیە. گوتیشی “دۆخی ناوچە کوردییەکان باشترە”.
سەعید مەمۆزینی دەڵێت، دۆخی موسڵ زۆر نالەبارە و کوشتن، رفاندن، دزی و دەیان کاری دیکە هەیە و لە ماوەی یەک هەفتە، بەگوێرەی ئامارێک لە 81 ماڵ دزی کراوە. گوتیشی “پێموایە کارەساتی گەورە لە موسڵ روودەدات لە داهاتوو”.
لە بارەی ژیانی دانیشتووانی موسڵ سەعید مەمۆزینی دەڵێت “کارەبا زۆر کەمە و ئاو هەر نییە و خەڵک بە ناچاری بە تانکەر ئاو دەکڕێت سەرەڕای دۆخی ئابووری خۆی.
ئەو بەرپرسەی پارتی لە موسڵ ئاماژە بەوە دەکات، کە تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە، کە شەبەکە و کەس نازانێت لە لایەن چ گروپێکەوە رفێنرابوو لە گەڕەکی نەبی یونس، دوای ماوەیک ئەشکەنجە تەرمەکەی لە گەڕەکێکی موسڵ فڕێدرا.