نوچەنێت-ئاژانسەکان
کۆشکی سپی و کۆشكی کرملین، باس لە دیداری سەرۆکانی ئەمریکا و روسیا دەکەن و رایانگەیاندووە، کە ناوەڕاستی مانگی داهاتووی زایینی، لە پایتەختی فینلاند کۆدەبنەوە.
هەر یەک لە کۆشكی سەرۆکایەتی ئەمریکا و روسیا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨-٦-٢٠١٨ رایانگەیاند، کە دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکانی دوو وڵات، لە ١٦ی جولای لە شاری هێلسینکی، پایتەختی فینلاند کۆدەبنەوە.
سارا سەندەرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەم بارەیەوە جەختی کردەوە، کە سەرۆکانی ئەمریکا و روسیا لە دیداری نێوانیاندا، پەیوەندیەکانی واشنتۆن و مۆسکۆ و هەروەها پرسە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایشی نیشتمانی دوو لایەن تاوتوێ و گفتوگۆیان لە سەر دەکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی کۆشکی کرملین لەم بارەیەوە رایگەیاند: دۆخی ئێستای پەیوەندیەکانی نێوان روسیا و ئەمریکا و دەرفەتەکانی بەردەم بەهێزکردنی ئەم پەیوەندیانە، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی ترەمپ و پوتین دەبێت.