نوچەنێت: تایبەت
چالاکوانێکی کۆمەڵگای مەدەنی لە داقوق رایدەگەیەنێت، کاکەییەکان بەهۆی دۆخی ئەمنی و نەمانی پێشمەرگەوە لە کۆی 13 گوند 9 گوندیان چۆڵکردووە
بەهۆی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، داعش هەلی بۆ رەخساو، هەناسەیەکی بە بەرخۆیدا هێنایەوە، کە لەسەر لێواری لە ناوچوون بوو. هەروەها بەهۆی نەبوونی هێزی سەربازی تۆکمە و دەزگای ئەمنی بەهێز، لە ناوچەکانی دەوروبەری زەنجیرە چیای حەمرین، چەکدارانی داعش خۆیان رێکخستووەتەوە و بوونەتە مەترسی گەورە، نەک هەر لەسەر گوندەکان بەڵکو لەسەر شارەکانیش دڵەڕاوکێێان دروستکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، رەجەب عاسی کاکەیی، چالاکی مەدەنی کاکەیی لە داقووق لە بارەی دۆخی کاکەییەکان لەو سنوورە، رایگەیاند: کاکەییەکان بەهۆی دۆخی ئەمنی و نەمانی پێشمەرگەوە لە کۆی 13 گوند 9 گوندیان چۆڵکردووە، چوونکە هیچ هێزێک لەو سنوورە نییە خەڵکەکە لە مەترسییەکانی چەکدارانی داعش بپارێزێت.
رەجەب عاسی ئاماژە بەوە دەدات، کە لەو سنوورە تەنیا سریەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بوونی هەیە، کە ئەوانیش تەنیا پێیان دەکرێ خۆیان بپارێزن، لە کاتێکدا پێشتر بۆ پاراستنی سنووری کاکەییەکان فەوجێکی پێشمەرگەی لێبووە.
لە پێش 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە هۆی خەندەقەکانەوە داعش نەیدەتوانی بە ئاسانی هاتووچۆ بکات، بەڵام لەو کاتە بەدواوە، چەکدارانی داعش توانییان خۆیان بخزێننە ناوشارەکان و شانەی نووستو پێک بهێنن؛ بەم هۆیەوە مەترسی لەسەر خۆدی کەرکوک دروست بووە، نەک هەر سنووری کاکەیی.
ئەو چالاکوانە، کە سەرۆکی رێکخراوی میثراشە، ئاماژە بەوە دەدات، کە چەکدارانی داعش پێشتر لە سنووری داقووق 300 بۆ 350 کەس بوون، بەڵام ئێستا ئاماری دروست و نوێمان لەبەر دەست نییە.