نوچەنێت-رۆیتەرز
کۆشكی کرملین دەڵێت، لە میانی سەردانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ روسیا، رێککەوتن لە سەر کات و شوێنی دیداری نێوان ڤلادیمیر پوتین و دۆناڵد ترەمپ کراوە.
یوری ئۆشاکۆف، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری دەرەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە 27-6-2018) ئاشکرای کرد، لە میانەی سەردانەکەی جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ مۆسکۆ، دوو لایەن لە سەر کات و شوێنی ئەنجامدانی دیداری نێوان سەرانی روسیا و ئەمریکا، گەیشتوونەتە رێککەوتن.
ئۆشاکۆف راشیگەیاند “لە دیدار و گفتوگۆکانی بۆڵتۆن و پوتین، بابەتی گەمارۆکانی واشنتۆن بۆ سەر مۆسکۆ قسەی لە سەر نەکراوە و زۆرتر بابەتە گشتییەکانی پەیوەندیدار بە دوو لایەن گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە”.
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی روسیا، بەرپرسانی واشنتۆن و مۆسکۆ سبەی (پێنجشەممە 28-6-2018)، وردەکاری دیداری نێوان پوتین و ترەمپ، لە وڵاتی سێهەم ئاشکرا دەکەن، سەرباری ئەمەش ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە پێویستی بە کاتە.