
ئەوانەی یەكەمجار تەرمی سێ سیاسەتمەدارەكەیان بینی وردەكارییەكان دەگێڕنەوە
نوچەنێت . هاوڵاتی
ئەو شاهێدحاڵانەی یەكەمجار تەرمی سێ ژنە سیاسەتمەدارە كوردەكەیان لە ناوەندی راگەیاندنی كوردستان لە پاریس بینی، وردەكارییەكانی “كۆمەڵكوژییەكە” دەگێڕنەوە.
شەوی 9 لەسەر 10ی كانوونی دووەم لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا (3) ژنە سیاسەتمەداری كورد لە نوسینگەی راگەیاندنی كوردستان “ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری PKK ساكینە جانسز، نوێنەری KNK لە پاریس فیدان دۆغان و كچە گەنجێكی كورد بەناوی لەیلا شایلەمەز” لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە تیرۆر كران.
بەگوێرەی روونكردنەوەی پۆلیسی پاریسو ئەنجامی شیكارییە پزیشكییەكان؛ “كۆمەڵكوژیەكە” ئێوارەی 9ی كانوونی دووەم لەنێوان كاتژمێر 06 ــ 07 بەكاتی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە. لە شوێنی ڕووداوەكە (12) قەوانی خاڵی گولەی (7.65) میلیمەتر دۆزراوەتەوە، بەڵام نازانرێت چەند دەمانچە بەكارهاتوون، بەڵام (4) گولە لە ساكینە جانسز و هەروەها فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزیش هەریەكەیان (3) گولەیان لێدراوە.
هەر چەندە دەرگاكان بە وشەی نهێنی دەكرانەوە بەڵام دەرگاكان بێ هیچ زۆرە ملێییەك كراونەتەوە، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە لەلایەن بەشی دژە تیرۆری كریمیناڵی پاریس و بەڕێوەبەرایەتی هاوكاری تێكۆشانی دژە تیرۆری پاریس (SDAT) ەوە بەڕێوە دەبرێت. پێشبینی دەكرێت كە ئەم لێكۆڵینەوە ماوەی (15) رۆژ بخایەنێت.
ئەو شاهێدحاڵانەی كە بەرلە هەموو كەسێك چوونەتە شوێنی رووداوەكە و تەرمەكانیان بینیوە باس لە چۆنێتی پێزانین و چوونیان بۆ شوێنی رووداوەكە دەكەن.
كاربەدەستێكی كۆمەڵە كوردییەكان لە (Les Mureaux)كە دەكەوێتە نزیكی پاریس ئاماژە بەوە دەكات كە ئێوارەی 8ی كانوونی دووەم واتا ئێوارەیەك بەرلە رووداوەكە، (رۆژبین) پەیوەندی بە (روناهی) _لەیلا شایلەمەزیەوە_ دەكات بۆ چاوپێكەوتنێك لە كۆمەڵەكە و بلێتێكی بۆ سەفەری كاتژمێر 01.00ی پاشنیوەڕۆ بۆ ئەڵمانیا ئامادە دەكات، ئەو كاربەدەستەی كۆمەڵەكە دەڵێت “رۆژێك دوای ئەوەی قسەی لەگەڵ روناهی كرد، لە كاتژمێر 09.50 بیلێتیان بڕی و سواری شەمەندەفەر بوو لە (Les Mureauxê) وە بەرەو پاریس بەڕێكەوتن. كاتژمێر 11.30ی نیوەڕۆ لە (Gare de Nord) پێشوازی لە روناهی كرد. “
ئەو كاربەدەستەی كۆمەڵە كوردییەكە رایگەیاند لە كاتژمێر 01.30ی شەودا هەڤاڵێك چوو لە دەرگای ناوەندی راگەیاندنی كوردستانی دا، بەڵام هیچ كەسێك دەرگاكەی لێ نەكردۆتەوە. هەڤاڵانی رۆژبین قسەیان بۆ ANF كردوەو رایانگەیاند كە رۆژبین لە كاتژمێر 12.00ی نیوەڕۆی 9ی كانوونی دووەمەوە وەڵامی تەلەفۆنەكان ناداتەوە و پەیوەندی لەگەڵ دروست نابێت.
شەوی 9لەسەر 10ی كانوونی دووەم لەسەر وەڵام نەدانەوەی تەلەفۆن و نیگەرانبوونیان، روو دەكەنە ناوەندەكە و لەو “وەحشەتێك” دەبینن.
شاهید (ئا) كە هەڤاڵێكی نزیكی رۆژبینە، تا ئێستاش لەژێر كاریگەری “وەحشەتەكە” رزگاری نەبووە، زۆر بە زەحمەت رووداوەكەی گێڕایەوەو وتی “ئێوارەی سێ شەممە (8ی كانوونی دووەم) پێكەوە قسەما كردبوو، دوو شەو بەر لە رووداوەكەش پێكەوەبووین. رۆژی چوارشەممە داوای كرد تەلەفونی بۆ بكەم تا چاومان بە یەك بكەوێت. دوای ئەوەی لە كاتژمێر 06.00 ــ 07.00 ئێوارەدا بە تەلەفۆن پەیامێكم بۆ نارد، وەڵامی نەدامەوە، منیش وتم كەواتە كارێكی هەیە و دوایی تەلەفونم بۆ دەكاتەوە. لە دەوروبەری 08.30ی ئێوارەدا جارێكی تر تەلەفونم بۆ كردەوە، زەنگ دەچوو بەڵام وەڵامی نەدایەوە، پەیامێكی ترم بۆ نارد، پەیامەكە دەچوو، بەڵام وەڵامی نەدەدایەوە، (9 ــ 10)جاری تر تەلەفونم بۆ كرد، زەنگی لێدەدا و لێدەدا، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. تێگەیشتم كە ئەمە شتێكی ئاسایی نییە و هەمیشە ئاگاداری دەكردمەوە، بەڵام ئەمجارەیان بێ دەنگ بوو وەڵامی نەدەدامەوە. “
شاهێدحاڵی رووداوەكە دوای ئەوەی بە تەلەفون پەیوەندی بە ناسییارەكانی رۆژبینەوە دەكات و ئەوانیش پێی رادەگەیەنن كە ئەوانیش پەیوەندی پێوەدەكەن و وەڵام ناداتەوە، نیگەران دەبێت و دەڵێت “لە كاتژمێر 11.30ی شەودا وتم دەمەوێت بچم بۆ نووسینگەكە (نوسینگەی راگەیاندنی كوردستان) و كلیلی دەرگاكەم لابوو، هەستم پێكرد كە شتێكی نا ئاسایی هەیە و هەڤاڵ رۆژبین ناڕەحەتییەكی هەیە .
دوای وەڵام نەدانەوەی رۆژبین، كاتژمێر 12.15 خولەكی شەو، لەگەڵ هەڤاڵێك پێكەوە چووینە نووسینگەكە، كە گەیشتینە ئەوێ بینیمان روناكی ژورێكەیان داگیرساوە و رووناكی ژوورەكەی تریان كوژاوەتەوە. ئەمە شتێكی ئاسایی نەبوو بەلامانەوە چونكە هەرگیز رۆژبین تا ئەو كاتە رووناكی بە نەكوژاوەیی نەدەهێشت و لەوێ بەتەنیا نەدەمایەوە، وتمان تۆبڵێی كەسێكی لەلا بێت. “
شاهێدەكە لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ كردنەوەی دەرگای نووسینگەكە وتی “لەبەر ئەوەی پێشتر وشەی نهێنی دەرگەكەمان دەزانی، دەرگای دەرەوەمان كردەوە، بەڵام دەرگای دووەمی ناوەوە داخرابوو، تەنیا كلیلێكی نوسینگەكە هەبوو، ئەو دەرگایە كلیلی نەبوو. لە زەنگی ماڵەكانی ئەو گەڕەكەمان دا، بەڵام كەس دەرگای لێ نەكردینەوە. تەنیا كەسێكیش وەڵامی داینەوە، پێمان وت (هەڤاڵانمان لە ژوورەوە وەڵاممان نادەنەوە، شتێك روویداوە ؟) بەڵام ئەویش دەرگاكەی بەڕووماندا داخست. وتمان لەوانەیە بە هەڵە تێگەیشتبێت، دوای (5) خولەك جارێكی تر لە دەرگای ماڵەكەیمان دایەوە، ئەمجارەیان پێی وتین بڕۆن لەبەر دەرگاكەم ئەگینا پۆلیستان بۆ بانگ ئەكەم. روناكی ماڵێكی تریش داگیرساو بوو بەڵام ئەوانیش هیچ وەڵامیان نەداینەوە .”
هەروەها وتیشی “كاتێك هەڤاڵێكی تریشمان هات، لە زەنگی هەموو ماڵەكانمان دا، ئەمجارەشیان كەس دەرگای لێ نەكردینەوە. هەڤاڵێكمان وتی یان ئەوەتا بانگی بنكەی فریاكەوتن ــ ئاگركوژێنەوە دەكەین، یان ئەوەتا دەرگاكە دەشكێنین. لەو كاتەدا بەلاقۆڵ و شان پاڵی بە دەرگاكەوە ناو و دەرگاكە كرایەوە. پاشان چوومە قاتی سەرەوە و دەرگاكەم كردەوە .”
شاهێدەكە وتی “لەسەرەوە وەحشەتێك هەبوو” و نەیتوانی باس لەو دیمەنە بكات كە بینیوێتی و وتی “ناتوانم.. ناتوانم باسی بكەم .”
شاهێدی دووەم بەناوی (ی) وتی “نوسینگەكە دوو ژووری هەبوو، گڵۆپی یەكێكیان داگیرسابوو. ئەمەش هەر لەسەرەتاوە جێگای گومان بوو بەلامانەوە. ”
بەو شێوەیە رووداوەكەی روونكردەوە “هەڤاڵان لاقۆڵ و شان دەرگاكەیان كردەوە، كە چوومە ژوورەوە بەر لە هەموو شتێك قاچی كەسێكم بینی، تۆزێكی تر چوومە ژوورەوە بینیم كە (رۆژبین) لەسەر پشت كەوتووە و روخساریم بینی، خوێن لە دەمی هاتبوو، چاوەكانی داخراوبوون، دەموچاوی تەزیبوون. ئەو قاچانەی كە بینیمن قاچی هەڤاڵ (ساكینە) بوو پشتی لە كۆمێدی تەلەفزیۆنەكەبوو و لەسەر زەوی كەوتبوو، لەنێوان ئەو و تەلەفزیۆنەكەدا باوەڵێك هەبوو. هەڤاڵ رۆژبین لەسەر چۆك و بەپشتا كەوتبوو، لەو بڕوایەدام كە لەكاتی كۆكردنەوەی جانتاكەیدا لێیاندابوو. دوو پارچە جلوبەرگی نیو قەدكراو هێشتاش لەسەر ئەژنۆی هەڤاڵ ساكینە بوو.
لەو كاتەدا هەڤاڵ (ئا) هاواری كرد، پەشۆكابوو. دواتر من (روناهی)م بینی بە دەما كەوتبوو، قژی روخساری داپۆشی بوو، خوێن لەناوچاوی رۆژبین یش هاتبوو، بەڵام شوێن ئاوساوییەكی كەوەبوو كە بەقەد هێلكەیەك دەبوو بە لاچاوی هەڤاڵ ساكینەوە بوو.”
(ی) دەگێڕێتەوە كە دواتر دێنەوە خوارەوە و وتی “هەڤاڵی سێیەم لەو كاتەدا لەگەڵ پۆلیس قسەی دەكرد. كاتژمێر 01.20ی شەوبوو، هەموو شتێك لەناو (2) خولەكدا روویدا. چووینە سەرەوە ئەوانمان بینی، پەشۆكاین، ماتماین، لە شتێك تێنەگەیشتین و هاتینەوە خوارەوە. لە هۆڵەكەدا هەموو شتێك لە شوێنی خۆی بوو، هیچ شتێك لەشوێنی خۆی نەجوڵابوو. “
ئەم كەسانە كە تەرمی هەرسێ ژنەكەیان بینی بوو باس لەوە دەكەن كە فیشەك لە سەریان درابوو و دەڵێن “چاوەڕێی شتێكی وەها نەبووین، خوێن لەسەریان هاتبوو. هەموو شوێنێك بوبوو بە گۆلی خوێن، بە هەموو شتێكدا دیاربوو كە بێ ئەوەی رێگە بە خۆپاراستنیان بدەن، لە سەریان داون. “
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی شاهێدحاڵەكان ئاشكرایانكردن، ساكینە جانسز و لەیلا شایلەمەز بیلێتی سەفەریان بۆ كاتژمێر 01.00 ی پاشنیوەڕۆ بڕی بوو و ڤیزەكانیشیا ئامادەبوو. لەكاتژمێر 12.00ی نیوەڕۆدا وەڵامی هیچ تەلەفۆنێك نادەنەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەنجامەكانی شیكاری پزیشكی دەگوترێت رووداوەكە لەنێوان 06.00 ــ 07.00 ی ئێوارە دا هاتۆتە ئاراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی شیكاری پزیشكی و هەروەها میدیاكانی فەرەنسا رایانگەیاندووە، رووداوەكە زۆر بە خێرایی هاتۆتە ئاراوە، بەڵام شاهێدحاڵەكانی رووداوەكە و هەڤاڵانی كەسە تیرۆركراوەكان دەڵێن كە دەشێ رووداوەكە لەنێوان كاتژمێر 11.30 و 01.30ی پاشنیوەڕۆدا هاتبێتە ئاراوە، چونكە دەبووا لە كاتژمێر 01.30ی نیوەڕۆدا بەڕێ بكەوتنایە و سەفەریان بكردایە. هەموو ئەم پرسیارانە لە ئێستادا بێ وەڵامن.