نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، زۆری چەک ئاسان و دەستکەوتنی، هۆکاری سەرەکییە بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی تەقەکردن و کوشتن.
لە هەرێمی کوردستان دیاردەی تەقەکردن و کوشتن لەناو هاوڵاتیان هەیە، کە ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەندی بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بەڵام ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، حاڵەتەکانی کوشتن و تەقەکردن بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەمەش وایکرد حکومەتی هەرێم بەجددی بێتە سەرخەت و کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ئەمنی توندی گرتەبەر، بۆ ڕیگریکردن لەم حاڵەتانە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد گۆمەشینی، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هۆکاری حاڵەتەکانی کوشتن رایگەیاند “ئێمە پێشتریش بە حکومەتمان گوتبوو زۆری چەك و بە ئاسان دەستکەوتنی، دیاردەی چەکداری، گەرموگوڕی بازاڕی چەک، کاردانەوەکانی شەڕی داعش و زۆری ژمارەی چەک، هۆکاری سەرەکییە بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن و تەقەکردن، بۆ ئەوەی هاوڵاتی زۆر بەئاسانی هەرکاتێک بییەوێت چەکی دەستکەوێت و تاوانێک ئەنجامبدات بیکات”.
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێم دەڵێت “هۆکارێکی دیکە ئەوەیە، کە بەشێک لەدۆسییەکان خەڵک پەنا بۆ دادگا نابات و دۆسییەکە لە دادگا یەک لایی ناکرێنەوە، بۆیە مافی ماف خوراو ناگەڕێتەوە، سزای تاوانبار نادرێت و لەدەروە سوڵحی عەشایەری دەکرێت، یان بەرپرسێک تاوانبارەکە داڵدە دەدات و دواتر سوڵح دەکرێت، ئەمەش وای کردووە دوای چەند ساڵێک دیسان رووداوەکە سەر هەڵدەداتەوە و چارەسەر نەکرێت”.
محەمەد گۆمەشینی ئاماژە بەوە دەکات، ئێمە وەکو دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئەم مەترسیانەمان خستبووەڕوو لە ڕاپۆرتەکانمان، ئەوکاتە حکومەت بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەمەی بەهەند وەرنەگرت و پێیوابوو، کە ئێمە ئەم بابەتەمان لەقەبارەی خۆی زیاتر گەورەتر کردووە، بەڵام رووداوەکان سەلماندیان، کە لە 80% رووداوەکان، بە چەک بووە.