نوچەنێت
ئەمڕۆ شاندێكی یه‌كێتی ئه‌وروپا لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جەختیانکردووەتەوە، کە هاوکاردەبن بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 26-6-2018)، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له رامۆن بێكوا باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس له‌و كێشه و گرفتانه كراوە كه له‌به‌رده‌م ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق دروستبوون، لەو باره‌وه هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر په‌له‌كردن له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ده‌ستپێكردنى گفتوگۆ بۆ دامه‌زراندنى حكومه‌ت. رۆڵی كارا و كاریگه‌ریی لایه‌نه كوردستانییه‌كانیش له گفتوگۆكان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقدا دووپاتكرایه‌وه.
هاوكارییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له بواره‌كانی مرۆیی و به‌ره‌وپێشبردنی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە. نێچیرڤان بارزانى هاوكارییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپاى له بواره‌كانی ئابووری، بازرگانی و سیسته‌می بانكی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به گرنگ وه‌سفكردووە تاكو لەو بوارانه‌دا سوود له پسپۆڕییان وه‌ربگیرێت.
هەر ئەمڕۆ شاندەکەی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی کوردستان کۆبووەوە و هەردوولا دەڵێن، حکومەتی هەرێمى كوردستان و یەکێتیی ئەوروپا هاوئاهەنگ دەبن لەپێناو پێشخستنی هەنگاوەکانی چاکسازییە کارگێڕی و داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، چەند ساڵێکە چاکسازییەکان لە ئاستی جۆراوجۆر بەردەوامن، گرنگە یەکێتیی ئەوروپا بە کردەیی هاوکاربێت بۆ جێبەجێکردنیان و بەرەوپێشبردنیان.
لە گفتوگۆکاندا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمى كوردستان و یەکێتی ئەوروپا بۆ پێویستی و بەروەپێشچوونی هەنگاوەکانی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی لە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە رەوشی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و رۆڵی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق گوتوویەتی “ئەگەر کورد یەکڕیز بن ئەوا دەتوانن رۆڵێکی گرنگ ببینن وکاریگەریی ئەرێنییان لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبێت” .
