نوچەنێت
ئەمڕۆ وه‌زیری بازرگانی و هاریكاریى په‌ره‌پێدانی هۆڵه‌ندا لەگەڵ شاندێکی وڵاتەکەی گەیشتنە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 25-6-2018 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له خاتوو سیگرید كاغ، وه‌زیری بازرگانی و هاریكاریى په‌ره‌پێدانـی هۆڵه‌ندا و شاندێکی باڵای ئەو وڵاتە کردووە کە پێکهاتبوون لە؛ خاتوو بیرگیتا تازیلار، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی باكووری ئەفریقا و رۆژهه‌ڵاتی نێاوه‌ڕاست له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و ماتیس وۆڵته‌ر، باڵیۆز و جانێت ئه‌لبێردا كونسوڵی هۆڵه‌ندا له هه‌رێمی كوردستان.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت، شاندەکەی هۆڵەندا گرنگیی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیان بۆ وڵاتەکەیان خسته‌ڕوو و ئاماده‌ییی هۆڵەنداشیان بۆ هاوكاریكردنی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاكاندا نیشانداوە.
شاندەکەی حکومەتی هۆڵەندا “ده‌ستخۆشییان له حكومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ پێشوازیكردن و حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران”.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییه سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی هۆڵه‌ندای بۆ هه‌رێمی كوردستان كردووە. هەروەها پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ره‌وشی سیاسی و ئه‌منی و مرۆییی کوردستان پێشكه‌شكردوون.
سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانیهیوای خواستووە هۆڵه‌ندا له بوار جیاكاندا هاوكاریی داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات به‌تایبه‌تی له‌و بوارانه‌ى خاوه‌ن ئه‌زموونێكی گه‌وره و به‌هێزه وه‌ك ئابووری و دارایی و كشتوكاڵ.
له کۆبوونەوەکەدا باس له په‌یوه‌ندییه مێژووییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌ندا كراوە. له‌و بارە‌وه رۆڵ و هه‌وڵه‌كانی ره‌وه‌ندی كوردی له هۆڵه‌ندا به‌رزنرخێنرا. تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و كێشه‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوون.
له كۆبوونه‌وه‌کەدا قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران. فوئاد حوسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌بوون.