خەڵکی داقووق گومانیان لە دەسەڵاتی بەغدا هەیە

0

نوچەنێت: تایبەت

چالاکوان و سەرۆکی رێکخراوی میثرا رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق لە بەرانبەر داعش لە سنووری داقووق، هیچ کاردانەوەیەکی نییە، تەنانەت رێگە خۆشکەریش بووە. دەشڵێت “حەیدەر عەبادی بەرپرسیاری یەکەمە لەو دۆخەی ئێستا”.

له‌ گونده‌كانی زه‌نقه‌ڕ، عه‌لی سه‌را، كۆبانی و ئه‌لبومحەممه‌د، كه‌ له‌گه‌ڵ گونده‌كانی ژێرده‌ستی داعش هاوسنوورن له‌ ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا 11 هاونیشتمانی لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنراون كه‌ پێنجیان كاكه‌یی بوونه‌. هەروەها سنووری ئه‌و گونده‌ كاكه‌یی نشینانه‌یه‌، كه ‌له ‌دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ داعش خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ته‌واوه‌تی هه‌ره‌سانكردووه‌ و هه‌رجاره‌ و كه‌سێك یان زیاتریان لێ ده‌ڕفێنێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، رەجەب عاسی کاکەیی، چالاکوانی مەدەنی و سەرۆکی رێکخراوی میثرا، لەبارەی چالاکییەکانی داعش لە سنووری داقووق، رایگەیاند: لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، جموجۆڵیان زیادی کردووە و حکومەتیش (عێراق) هیچ کاردانەوەیەکی نییە بۆ بوونی ئەوان، تەنانەت رێگە خۆشکەریش بووە؛ بۆیە لای چاودێرانی سیاسی گومانی ئەوە دروست بووە، داعش بێتە سنورەکە و دواتر هێرش بکات و ئەو ناوچەیە وێران بکات، وەک ناوچە سوننەکان. 

رەجەب عاسی دەشڵێت، بەرپرسیاری یەکەم لە بوونی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە شەخشی حەیدەر عەبادییە، لەبەر ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، رایگەیاند “کە داعش لە عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام بەناوی چەسپاندنی یاساوە، هێزی هێنایە کەرکوک. 

هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا داوا لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان دەکات بە هانای خەڵکی ئەو ناوچەیەوە بێن و رایدەگەیێنێت “ئەمشەو (25-6-2018) بۆ چەندەمینجار لە ماوەی دوو مانگی رابردوو دووبارە داعش هێرشی هێناوە بۆ سەر دانیشتووانی گوندەکانی حەفتەغار لە باشووری داقووق بەو هۆیەوە شەهیدێک بەناوی (کازم حسێن) و دوو برینداری دیکە هەن”.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە ماوەی رابردوو چەندین هێرشی هاوشێوە بۆ سەر ناوچەی کاکەیی، تاڵەبانی و داودە لە سنووری داقووق لە لایەن داعش ئەنجامدراون و بە هۆیەوە تەنها لە ماوەی دوو هەفتە زیاد لە 200 ماڵی کورد ناوچەکەیان چۆڵ کردووە و هەزاران خێزانی کورد بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە لە گوندنشینانی کورد لەژێر هەڕەشەی داعش و بوونی پلانێکی مەترسیداردان.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەشڵێت “وێڕای نیگەرانیم لە بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی حیزبە کوردستانییەکان لە ماوەی رابردوو ، لەهەمان کاتدا داوای دەستبەجێ کۆبوونەوەی پارتە کوردستانییەکان و بڕیاری خۆپیشاندان و هەڵوێست وەرگرتنیان لەسەر ئەو دۆخە نائاساییەی سەپێنراوە بەسەر ناوچەکە لێدەکەم”.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com