نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تانەمان لە بڕیارەکەی کۆمسیۆن داوە و پێمانوایە پێچەوانەی یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانە.
دوای ئهوهی پهرلهمانی عێراق بڕیاری دا، دهنگهكانی ههموو عێراق بەدهستی ههژمار بكرێنەوە، دادگای فیدراڵیش بڕیاری دا تهنیا لهو شوێنانه دهنگ به دهستی ههژمار بكرێنەوە، كه سكاڵایان لهسهر تۆمار كراوه، رۆژی یەکشەممە ٢٤-٦-٢٠١٨ بڕیاردرا بە جێبەجێکردنی.
لە لێدوانێکێکی تایبەت بە نوچەنێت، زانا رۆستایی ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەستی رایگەیاند: تا ئێستا کرداری ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست، دەستی پێ نەکردووە و هیچ قۆناغێکی نەبڕیووە تەنها بڕیارێکی کۆمسیۆن هەیە، کە دوێنی دەرچووە، ئەم بڕیارەش لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە تانەی لێدراوە، کە دەڵێت “تەنها ئەو شوێنانە بەدەست دەژمێردرینەوە، کە سکاڵایان لەسەرە و تانەی لێدراوە”.
زانا رۆستایی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو شوێنانەی سکاڵایان لەسەرە و تانەیان لێدراوە کەمە، لەبەر ئەوەی کۆمسیۆن خۆی بەدرەنگ وەخت سیدی تەواوی دایە کیانە سیاسییەکان فریایی ئەوە نەکەوتن تانە لە هەموو شوێنەکان بدەن؛ بۆیە پێموانییە ئەو شوێنانە زۆربن و کاریگەری ئەوتۆیان هەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایار، ئەگەر ئەم بڕیارە بچێتە سەر بۆیان.
ئەو ئەندام پەرلەمانی کۆمەڵ دەڵێت “لە دادگای تەمیز تانەمان لەو بڕیارەی کۆمسیۆن داوە و پێمانوایە، پێچەوانەی یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانە، کە ماددەی یەکەمی بەڕاشکاوی داوا دەکات، کە هەموو سندوقەکانی دەنگدان لەهەموو عێراق بژمێردرێنەوە، دادگای فیدڕاڵیش ئەم ماددە یاسایییەی هەڵنەوەشاندووەتەوە”.
رۆستایی گوتیشی “داوامانکردووە ئەم بڕیارەی کۆمسیۆن هەڵبوەشێتەوە و دەستبکرێت بە ژماردنەوەی دەنگ، بۆ تەواوی بنکەکانی دەنگدان لە هەموو عێراق و دەروەی عێراقیش. ئێمە چاوەڕوانی دادگای تەمیزی عێراق دەکەین، کە دەستەیەکی تایبەتە بە هەڵبژاردنەکان”.