نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هاوپەیمانی “بەرەو ئیسلاح”مان پێکهێناوە و چاوەڕێ دەکەین چین و توێژەکان پشتیوانیمان لێبکەن.
بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 38 حیزب پەسندكراون و پێشتریش یەك هاوپەیمانی بەناوی (سەردەم) لەنێوان هەریەك لە حیزبی سۆسیالیست و پارتی رەنجدەران و یەكێتی نەتەوەیی كوردستان دروستكراوە و ئەمە دەبێتە دووەم هاوپەیمانی بەناوی (بەرەو ئیسلاح) پێکهێنراوە لە لایەن یەکگرتووە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانەوە.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە بڕیارە لە 30-9-2018ی بەڕێوە بچێت، 38 لیست و قەوارە بۆ كێبڕكێ لەسەر 111 كورسی، ناویان لە كۆمیسیۆن تۆماركردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەبدوڵڵا وەرتێ، گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە بارەی پێکهێنانی هاوپەیمانی لە گەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، رایگەیاند: ئێمە لەگەڵ یەکگرتوو، هاوپەیمانی “بەرەو ئیسلاح”مان پێکهێناوە و چاوەڕێ دەکەین چین و توێژەکان پشتیوانیمان لێبکەن. هەروەها ئاستی جەماوەری هەردوولامان بەرەو هەڵکشانە و ئێمەش بە ئیرادەیەکی گەورەوە ئەو هاوپەیمانیەتیمان پێکهێناوە.
لەبارەی نەبوونی کۆمەڵی ئیسلامی لە ناو ئەو هاوپەیمانییە، عەبدووڵاوەرتێ گوتی “دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەوان (کۆمەڵ) وایان پێباش بوو بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بکەن، ئێمەش رێز لە بڕیارەکەیان دەگرین”.