نوچەنێت: تایبەت
سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، پێشتر دوامان کردووە وادەیەک دیاری بکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەڵام داواکارییەکانی ئێمەی بەهەند وەرنەگریراوە.
ئهمڕۆ (یەکشەممە ٢٤-٦-٢٠١٨) ماوهی كاركردنی یاسایی ئهنجومهنی پارێزگاكانی كوردستان كۆتایی هات و تاکو ئێستاش رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیار نییە کەی دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەنوەر تاهیر، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ماوەی کارکردنی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکان، رایگەیاند “ئێمە دوو مانگ بەر لەئێستا و بۆ جاری دووەم داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان کردووە، وادەیەک دیاری بکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ئەوەی هاوشێوەی سەرۆکایەتی هەرێم، کە ماوەی چوار ساڵە لە بۆشایی یاساییدایە یان وەکو پەرلەمان ماوەکە یان درێژکردووەتەوە، تووشی ئەو ئیحراجی نەبین”.
سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیشیکردەوە، ئەوان داوایانکردووە لەکات و وادەی خۆی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت. گوتیشی “بەڵام ئەنجومەنی وەزیران، وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی گوێی پێ نەداوین، پێشنیارەکان و داواکارییەکانی ئێمەی بەهەند وەرنەگرتووە”.
لەبارەی درووستبوونی بۆشایی دوای ئەو ماوەیە ئەنوەر تاهیر، دەڵێت “بۆشایی یاسایی لە ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم و لەئاستی پەرلەمان و مەجلیسی نەوابدا درووست دەبێت، ئەنجومەنی پارێزگا حکومەتێکی خۆجێییە و یاساکە ڕێگەی داوە، کە ئەنجومەنەکان دەستبەکار بن”.
سکرتێری ئەنجومەن ئاماژە بەوە دەکات، کە لەڕۆژنامەی واقاعەی کوردستان بڵاو بووەتەوە لەماددەی ٣١ لەیاسایی ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٠٩، دەڵێت ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکارەکانی خۆیان بەردەوام دەبن تاکو هەڵبژاردنی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.