نوچەنێت: تایبەت
قایمقیامی قەزای شنگال رایدەگەیەنێت، تا ئێستا ئەنجومەنی قەزای شنگال نەگەڕاونەتەوە و لە ئێستادا هەندێک هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ شنگال.
لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، ئیدارەی شەرعی لە شنگال نەماوە، كە لە سنووری نەینەوا دەوامی خۆیان دەكەن و چەندین جاریش بەڵێن بە ئیدارەكە دراوە، بگەڕێنەوە بۆ شنگال و پارێزگارییان لێ بكەن و كێشەیان بۆ دروست نەكەن، بەڵام تا ئێستا بۆیان جێبەجێ نەكراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محما خەلیل، قایمقیامی قەزای شنگال، رایگەیاند “تاکو ئێستا ئەنجومەنی قەزای شنگال لەسنووری نەینەوا دەوامی فەرمی خۆیان دەکەن و نەگەڕاونەتەوە شنگال، لەئێستادا هەندێک هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی شارەکە بگەڕێتەوە، بەڵام زۆرینەی خەڵکی شنگال لە کەمپەکانی سنوری نەینەوان و بۆ ڕاپەڕاندنی کاری هاوڵاتیانی قەزاکە، ئەنجومەن لەوێ کارەکانی خۆیان دەکەن”.
قایمقیامی قەزای شنگال دەڵێت “تائێستا حکومەتی عێراقی پێداویستییەکانی دەوام کردن و کارکردنی چڤاتی قەزای شنگالی دەستەبەر نەکردووە، چ لەڕووی ئەمنیەتەوە چ لەڕووی لۆجستییەوە”.
سەبارەت بەهاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سنورەکە محما خەلیل، گوتی “ئەو هێزەی، کە هاتووە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق دەکات، بۆ پارستنی سنورەکە لە مەترسی داعش، بەڵام بە گشتی خەڵک و ئیدارەی قەزای شنگال و سنورەکە خۆشحاڵن بەهاتنی ئەو هێزە ئەمریکا”.