نوچەنێت: تایبەت
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، رۆژنامەنووسێكی كوردی باكووری كوردستان، كە لە بەغدا زیندانی بووە بە هەوڵی ئێمە رزگاركراوە و گەیێندراوەتەوە ئەوروپا. دەشڵێت “توركیا زۆر هەوڵدا ئەو رۆژنامەنووسەی رادەستبكرێتەوە”.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دەنیز یەشیل یورت كە كچە رۆژنامەنووسێكی خەڵكی باكووری كوردستانە، تەمەنی 35 ساڵە، لە تورکیا بەغیابی بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ ئەو كچە دەركراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی رزگارکردنی کچە رۆژنامەنوسێکی باکوری کوردستان راگەیاند “كچە رۆژنامەنووسێكی خەڵكی باكووری كوردستان، بە ناوی دەنیز یەشیل یورت، كە ماوەی 7 مانگ لە بەغدا زیندانی بووە، عێراق بڕیاریدابوو رادەستی توركیای بكاتەوە، بەڵام هەوڵی زۆرماندا ئەو بڕیارەی عێراق سەرنەگرێت، چونكە دەستووری عێراقیش رێگە بەو كارە نادات”.
ئارێز عەبداوڵڵا گوتیشی، دوای هەوڵێكی زۆر، دواجار توانیمان ئەو كچە هەر لە بەغداوە رەوانەی بەلجیكا بكەینەوە، شەوی رابردوو ئەو كچە رۆژنامەنووسە گەیشتەوە بەلجیكا”.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا ” ئەو رۆژنامەنووسە لە بەلجیکاوە ویستوویەتی بە ترانزێت لە بەغداوە بگاتە هەرێم، دەستبەسەر کراوە و دوای گشتپرسیی باشووی كوردستان، ئەو كچە رۆژنامەنووسە لە بەغدا لەگەڵ كۆمەڵێك تیرۆرست زیندانی كرابوو، دۆخی زۆر خراپ بوو، هەوڵی زۆرمان لەگەڵدا كە دۆخی ئاسایی بكەینەوە، دواجار توانیشمان رەوانەی ئەوروپا بكەینەوە”.
