کۆمسیۆن دەستبەکار بوو

0

نوچەنێت

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژ شەممە دەوامی فەرمی سەرجەم فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنە و مۆڵەت بە هیچ فەرمانبەرێک نادرێت، ئەوەش وەکو دەستپێکی جێبەجێکردنی یاسای ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە رۆژی 21-6-2018، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی یاسا نوێیەکەی پەرلەمان دا و رایگەیاند “بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ ژماردنی دەنگەکان بە دەست یاساییە، بەڵام بڕیاری تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکانی رەتکردەوە”.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەو دادوەرانەی، کە بۆ راییکردنی کاری کۆمیسیۆن دیاریکراون کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پلانی جێبەجێکردنی یاسای هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستنیشانکراوە، بەگوێرەی ئەو بڕیارەی کە دادگای فیدراڵی دەریکردووە. بۆ ئەو مەبەستە، بڕیاردراوە رۆژی شەممە 23-6-2018 دەوامی فەرمی سەرجەم کارمەندانی کۆمیسیۆنە و مۆڵەت بە هیچ کارمەندێک نادرێت مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت.

دوای ناڕەزایی چەندین لیستی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان بە ئامادەبوونی 173 پەرلەمانتار بڕیاریدا دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە بە دەستیش جیابکرێنەوە، چونکە ژمارەیەک لایەنی سیاسی گومانیان لە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان هەیە.

دوای لابردنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنیش لەلایەن پەرلەمانەوە، ئێستا نۆ دادوەر لە بەغدا کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەبەن و لە هەر پارێزگایەکیش دادوەرێک بۆ سەرپەرشتی کارەکانی کۆمیسیۆن دیاریکراوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com