نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، لەم قۆناغەی ئێستا مەرجی بەشداریکردنمان لە حکومەتی داهاتوو ئەوەیە، کە عێراق بەشێوەیەکی هاوبەش و شەریکایەتی بەڕێوەبچێت.
لەدوای ٢٠٠٣وە کورد بەشداری پڕۆسەی سیاسی عێراقی کردووە و بەردەوام دوای جێبەجێکردنی مافەدەستوورییەکانی کردووە، بە گوتەی بەرپرسانی سیاسی کورد، تاوەکو ئێستا کورد مافەکانی جێبەجێ نەکراوە و کورد بووەتە قوربانی ئەو هەژموونە تایفییەی حکومی عێراق دەکات و کورد شەریکێکی حەقیقی نەبووە، بۆیە لە ئێستاشدا کورد دەیەوێت ببێتە شەریکێکی حەقیقی نەک بەشداری پێبکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بەمەرجی بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی سیاسی عێراق رایگەیاند “کێشەی کورد لەگەڵ عێراق وەرگرتنی پۆست نییە، چونکە لە رابردوو کورد پۆستیشی هەبووە، بەڵام مافەکانی زەوتکراوە، بۆیە لەم قۆناغەدا مەرجمان ئەوەیە، عێراق بەشێوەیەکی هاوبەش و شەریکایەتی بەڕێوەبچێت و هاوسەنگی هەبێت”.
عەلی عەونی جەختیشیکردەوە لەوەی، دەبێت بەشێوەیەکی کرداری عێراق بچێتە ئەو قۆناغەی کورد شەریکێکی حەقیقی بێت لە عێراق، نەك بەشداریمان پێبکەن. ئەگەر حکومەتی داهاتووی عێراق حکومەتێکی باش بێت، کوردی تێدابێت یان نا دەبێت مافەکانی کوردی تێدا لە بەرچاو بگیریێت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی گوتی “ئێستاش ئەگەر مەرجەکانی کورد جێبەجێ نەکرێت و عێراق نەگەڕێتەوە ئەو ئیستحقاقانەی کورد هەیەتی جێبەجێنەکرێت، کورد بەشدار بێت یان بەشدار نەبێت، جیاوازی نییە و عەربێکی تێدا بێت باشترە، بەڵام لەهەردوو حاڵەتەکەدا کورد یەک بڕیاری هەبێت باشە”.