نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایدگەیەنێت، لە ئێستادا حیزبەکەی سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی سیاسی، بۆئەوە ی بەیەکەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی کوردستان بکەن.
بڕیارە رۆژی 30-9-2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، دوای تەواو بوونی ماوەی دروستكردنی هاوپەیمانێتی لە نێوان لایهنهكان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەرێم بڕیاریدا بهدرێژكردنهوهی ماوهی بهستنی هاوپهیمانی لهنێوان لایهنهكان تا كاتژمێر 11ی پێشنیوهڕۆی رۆژی دووشهممه 25-6-2018.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. عەبدوڵڵا وەرتێ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە پێکهێنانی هاو پەیمانێتی ئیسلامییەکان رایگەیاند “لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی بیروڕا گۆڕینەوەین لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بەمەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی سیاسی، بۆئەوەی بەیەکەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی کوردستان بکەین، پێمانوایە ئەگەر هێزە ئیسلامییەکان، بەیەکەوە هاوپەیمانێتی بکەن کاریگەری زۆر جددی درووست دەکەن لەسەر خەڵکی کوردستان بە گشتی”.
عەبدوڵڵا وەرتێ دەڵێت “درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن-یش، بۆ بەستنی هاوپەیمانێتی بەکارێکی باشی دەزانین، بۆ ئەوەی ئەو حیزبە سیاسیانەی دەیانەوێت هاو پەیمانێتی ببەستن، ئەمە دەرفەتێکی باش بووە دایان بە هێز و لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئێمەی ئیسلامییەکانیش، بەهەمان شێوە کارێکی باش و لەجێی خۆیدا بوو”.
ناوبراو جەختیشیکردەوە و گوتی “ئێمە بەردەوامین و کاردەکەین، ئەگەر سەرکوتوو بووین لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی ئەوە کارێکی زۆر باشە، ئەگەرنا، ئەوا هەریەکەمان بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەین و رێز لەبیر و ڕای یەکتر دەگرین”.
هەروەها گوتیشی “ئێمە وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی، ئومێد دەکەین بگەینە ئەنجامێک بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی و لەرابردووشدا کارمان بۆ کردووە و ئێستاش کاری بۆ دەکەین”.