نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، کە حیزبەکەی تاوتوێی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لەگەڵ گۆڕان کردبێت و رایدەگەیەنێت، بەپێچەوانەوە هەموو رێگایەکی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.
بڕیارە رۆژی 30-9-2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دۆخی ئێستای عێراق و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بۆیە ئەوان پێیانباشە هەڵبژادن دوابخرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدابکرێت و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنیدا نین، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو رێگایەکی یاسایی دەگرینەبەر، چونکە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، مافی خەڵکی کوردستانە”.
عەلی عەونی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە حیزبەکەی خەریکی ئامادەکاریە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بۆ ئەوەش لیجانی پێویستیان پێکهێناوە و دیاریکردنی کاندیدەکانیان بەرەو کۆتایی دەڕوات.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی، دەشڵێت “ئەو لایەنانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتیقازییان دەکرد، هەر ئەوکاتەش پارتی ئامادەیی تێدابوو هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت حکومەت و پەرلەمان دەکەوێتە بۆشایی یاسایییەوە، ئەو لایەنانەش ئەوەیان دەوێ بۆئەوەی لەشەرعیەتی حکومەت بدەن”.