نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە گەڕەكی “كورانی عەنكاوە”ی هەولێر، لەسەر شكاندنەوە سەر یەكدی بە ئۆتۆمبێل، كەسێك کوژرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر،لەبارەی رووداوەکەی هەولێر راگەیاند: کاتژمێر 10ی شەوی رابردوو، 19-6-2018 ئاگادار كراینەوە لە بوونی رووداوێكی كوشتن لە گەڕەكی كورانی عەنكاوە ، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە، دەركەوت دوو كەس لەسەر شكاندنەوە سەر یەکدی بە ئۆتۆمبێل، دەبێتە كێشە و دەمەقاڵێیان و دواتر كێشەكە گەورەبووە، سەرەنجام یەكێكیان بەناوی “نەبی عەزیز ئەحمەد” كە تەمەنی 28 ساڵە کوژراوە”.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، باسی لەوەشكرد، لە دوای رووداوەكە بكوژەكە خۆی رادەستی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كردووە. دەشڵێت “لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە و پێدەچێ پێشتر کێشەییان هەبووبێ. هەروەها گرنگ ئەوەیە بکوژەکە خۆی رادەستکردووە و دەستبەسەرە”.
هوگر عەزیز گوتیشی، بكوژ و كوژراوی ئەو رووداوە، خەڵكی شاری هەولێر و دراوسێی یەكدین.