نوچەنێت:تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هیچ هۆکارێکیان لەبەردەست نییە و دەیانەوێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.
بڕیارە ٣٠-٩-٢٠١٨، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دۆخی ئێستای عێراق و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت. بۆیە ئەوان پێیانجباشە هەڵبژادن دوابخرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، قارەمان قادر ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند”بزووتنەوەی گۆڕان لەڕابردوو-و لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەدا بووە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدابکرێت،چونکە دواخستنی هەڵبژاردنەکان بەردەوام کاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێم و، جۆرێکە لە پێشێلکردنی دیموکراسی کە لەلایەنی دەسەڵات دەیکات، بە تایبەتی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەرکاتێک ویستبێتیان هەڵبژاردنیان کردووە و هەرکاتێکیش نەیان ویستبێت بیکەن، جۆرێک لە سیناریۆ درووست دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە نەکرێت”.
قارەمان قادر ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەوان هیچ هۆکارێکیان لەبەردەست نییە، بیکەینە دیالۆگ بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت”بۆیە لەئێستادا ئەگەر کۆمسیۆنی باڵای سەبەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێم، کەنوێنەرمان تییدا هەیە، ئامادەیی تەواو دەرببڕێت بۆ ئەوەی لە ٣٠-٩-٢٠١٨، هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبەرێت ، من دڵنیام لەوەی بزووتنەوەی گۆڕان دوای تەنها رۆژێکیش ناکات بۆ دواخستنی”.
بەرای پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، دۆخی ئێستا عێراق نابێتە بیانو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت”هەموو رێکارە یاسایییەکان بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەدەست گیراوەتەبەر، دەنگی راستەقینەی لایەنەکانیش دەردەکەوێت، ئەگەر معادەلاتی نێودەوڵەتی تێنەکەوێت بۆ ئەوەی دەستکاری بکرێت، یەکێتی و پارتی ترسیان لەهەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەدەست هەیە، بۆیە نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت”.