یەکێتی: سەپاندنی ئەمری نادەستووری و دژ لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی عیراق قبوڵ ناكرێ

0

puk_logoیەکێتی: سەپاندنی ئەمری نادەستووری و دژ لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی عیراق قبوڵ ناكرێ

نوچەنێت

دوای گەرانەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خێزانی تاڵەبانی کە هاوسەفەری تاڵەبانی بوو بۆ ئەڵمانیا، دوای خراپبوونی باری تەندروستی تاڵەبانی، ئێوارەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی ئه‌نجامدا و دوابەدوای کۆبونەوەکە مەکتەبی سیاسی راگەیاندنێکی بڵاکردەوە.

راگەیانراوی کۆبوونەوکە
ئێوارەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی، بەسەر پەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەنجامدا. ئەجێندای سەرەكی كۆبوونەوە تایبەت بوو بە رووداو و پەرەسەندنەكانی ئێستای عیراق، بە هی ئەو ناوچانەی كوردستانیشەوە كە لە دەرەوەی هەرێمن.
سەرەتا كۆبوونەوەكە خۆشحاڵی خۆی بە باشتر بوونی بەردەوامی تەندروستی سەرۆك تاڵەبانی دەربڕی و هەڤاڵانیش هیوایان خواست كە لە ماوەیەكی زوودا بگەڕێتەوە نیشتمان.
كۆبوونەوە بە دواداچوونێكی وردی بۆ بەردەوام بوونی خۆپیشاندان و پەناگیرییەكانی پارێزگای ئەنبار و شاری موسڵ و سامەڕاو خۆپیشاندانی بەشێك لە هاووڵاتیانی عەرەبی شاری كەركوك، هەروا خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی ئەعزەمیەی بەغدای كرد. كۆبوونەوە بە نیگەرانییەكی زۆرەوە بەردەوام بوون و فراوانتر بوونی ئەو خۆپیشاندانانەی تاووتوێكرد و هەڵوەستەی لەسەر ئەو مەترسیانە كرد، كە بەو هۆیەوە لەسەر پرۆسەی سیاسی عیراق و پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانیدا دروست ئەبێ، بە تایبەت كە بارگرژییەكانی ناوچەكە بە گشتی گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك، كە پێ ئەچێ رەنگدانەوەو كاریگەرییەكانی بەسەر عیراقەوە نەرێنی بن. هەر بۆیە كۆبوونەوە پێی وابوو لەم قۆناخەدا عیراقییەكان بەهەموو پێكهاتەكانییەوە پێویستیان بە لێبووردەیی پتر و یەكڕیزیەكی زۆرتر هەیە. هەر لەو پێودانگەدا كۆبوونەوە رای وابوو كە مەترسیداربوونی بارودۆخەكە راستیێكە ئەبێ هەمووان دانی پیابنێن، هەر بۆیەش راوێژو بیروڕاگۆڕینەوە لە نێوان لایەنە كوردستانییەكان و لایەنەكانی تری عیراق بۆ مامەڵەكردنێكی حەكیمانە لەگەڵ رووداوەكانی ئێستا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیران و پەرەسەندنەمەترسیدارەكانی و مامەڵەكردن لەگەڵ دەرهاویشتە نەخوازراوەكانیدا، پێویستییەكی هەنووكەییە.
لە تەوەرێكی دیكەدا، كۆبوونەوە بە وردی بەردەوام بوونی گرژییەكانی كەركوك و ئەو ناوچانەی كوردستانی تاووتوێكرد كە كەوتوونەتە دەرەوەی هەرێم و نیگەرانی زۆریشی سەبارەت بە لە چەقینی هەوڵەكانی چارەسەركردن نیشاندا و مەترسی و ئەگەرەكانی ئەو هەواڵانەشی شیكردەوە كە لەبارەی ئاڵوگۆڕی هێزە سەربازییەكانی سوپای عیراق لەو ناوچانە بڵاو دەبنەوەو پێشی وابوو ئەگەر ئەو هەواڵانە و ئەو دەنگۆیەش كە سەبارەت بە گۆڕینی تایبەتمەندی فڕۆكەخانەی مەدەنی كەركوك بۆ فڕۆكەخانەیەكی سەبازی، یان بەكارهێنانی بۆ جم وجۆڵی هێزی ئاسمانی عیراق راست دەربچن، ئەوا ئەو سیاسەتەی لە پشت ئەو جۆرە بڕیارانەوەیە بارودۆخە هەستیارەكەی ئەو ناوچانە بەرەو بنبەستێكی مەترسیدارتر ئەبا. لەو بارەوە كۆبوونەوە تەئكیدی لەسەر هەڵوێستی زانراوو راگەیەندراوی لایەنە كوردستانییەكان كردەوە، كە سەپاندنی ئەمری واقیعێكی نادەستووری و ناكۆك و دژ لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی عیراق قبوڵ ناكرێ و رەت ئەكرێتەوە. هەروا كۆبوونەوە لەوبارەوە بە پێویستی زانی لە رۆژانی داهاتوودا ئەو كەیسە و كەیسی قەیرانەكانی تری عیراق بە تایبەت لەگەڵ لایەنە كوردستانییە هاوپەیمان و لایەنە دۆستەكان لە كوردستان و عیراقدا تاووتوێ بكا.
لەبارەی كۆی ئەو بارگرژی و قەیرانانەی كە دەرهاوێشتەی راستەوخۆی بەلاڕێداچوونی حوكمڕانین لە عیراقدا، كۆبوونەوە بڕوای وابوو كە وەختی ئەوە هاتووە هاوپەیمانی نیشتمانی رۆڵێكی بەرچاو لە چارەسەركردنەكەدا ببینێ، كە بێگومان هەموو لایەنە عیراقییە پەرۆشەكان، بە تایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرجەم لایەنەكانی كوردستان پشتیوان و هاوكار ئەبن.
دواجار كۆبوونەوە بارودۆخی عیراق و ناوچەكەی بە یەكجار هەستیار دایەقەڵەم و پێی وابوو كە هەل ومەرجەكە بەسەر ئەگەری جۆراوجۆری نەخوازراودا كراوەیە و بۆ ئەو مەبەستەش پاراستن و تۆكمەتر كردنی یەكڕیزی ماڵی كورد گرنگیێكی چارەنووسسازی هەیە، بۆیە كۆبوونەوە تەئكیدی لەسەر كردەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com