نوچەنێت
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتیدا لەبارەی وشکەساڵی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداری دەدات و دەڵێت، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، بە سەرنجدان بەو خۆڵ بارینانەی، کە بیابانەکانی ئەم ناوچانەی گرتۆتەوە، دەبێ خۆی بۆ کەم بوونی ئاو و وشکەساڵی ئامادە بکات.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا، وشکەساڵی لە زۆربەی ئەم ناوچانە گشتگیرتر و بەربڵاوتر بۆتەوە. لەم بارەوە رێکخراوی فائۆ، رایگەیاندووە “ئەم ناوچانە کەمترین پشکیان لە یەدەکی ئاوی پاک و خواردنەوەی جیهان هەیە.
راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەم دۆخە خراپە پێدەچێ لە گەڵ گۆڕانکاری ئیقلیمی و کەش و هەوا خراپتر ببێت. هەربۆیە وڵاتانی هەڵکەوتوو لەم ناوچانە، دەبێ بەرەنگاری دەرهاویشتە و ئەنجانەکانی وشکەساڵی ببنەوە و خۆیان بۆ دۆخێکی چاوەڕوانکراو ئامادە بکەن. هەر بەم پێیەش دەبێ پلانی کاریگەری و هەمەلایەنەیان بۆ رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ دۆخی خراپتر بەدەستەوە بێت.
رنە کاسترۆ، جێگری رێکخراوی فائۆ دەڵێت: دەبێ بە باشی لە دیاردەی وشکەساڵی تێبگەین و بە گوێرەی پێویست ئیدارەی ئەم قەیرانە بکەین. بە گوتەی ئەم بەرپرسەی فائۆ، وڵاتانی ناوچەکە دەبێ لە سیاسەتی وەڵامدانەوەی رۆژانە خۆ بەدوور بگرن و بەرەو سیاسەت و پلانی درێژخایەن هەنگاو بنێن، تاکوو لە درێژماوەدا لە مەترسیەکان کەم بکەنەوە و توانای بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی خۆیان لە گەڵ مەترسیەکانی وشکەساڵی زیاتر بکەن.
راپۆرتەکە هەروەها پێشنیار دەکات، کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کە لە گەڵ دۆخی وشکەساڵی بەرەوڕوون، سیاسەتی کشتوکاڵ و وەرزێری خۆیان بە شێوەیەک رێکبخەن، کە پێویتسییان بە ئاوی کەمتر بێت و لە سیستەمی ئاویاری پێشکەوتوو کەڵک وەربگرن.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا پێشنیار کراوە، کە ئەم وڵاتانە لە ژمارەی ئاژەڵەکان کەم بکاتەوە، تاکوو سرووشت و گیا و لێڕەوارەکان بە هۆی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکان چیدی لەناو نەچێت.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە ژمارەیک لە گوند و دەڤەرەکانی هەڵکەوتوو لە پەراوێزی کەویری بیابان لە باشوری رۆژئاوا بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی ئاو پڕۆژەی ئەمڕۆی و پێشکەوتوو بەکار دێنن.
نەتەوەیەکگرتووەکان هەروەها دەڵێت: بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوان وخواستی خۆراک، هاوکات لە گەڵ کەم بوونەوەی سەرچاوە ئاویەکان و زەمینی کشتوکاڵ، دوو مەترسی گەورەی بەدوادادێ، یەکەم: چەند بەرابەربوونی نرخی خۆراک، دووهەم: هاتنەی ئارای ناڕەزایی و نائارامی بە تایبەت لەو وڵاتانەی، کە لە حاڵی گەشەدان.
یۆرۆنیوز لە راپۆتێکی خۆیدا بە پشتبەست بە راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت “زیاتر لە ٤٠%ی دانیشتوانی جیهان لە گەڵ کێشە کەم ئاوی بەرەوڕوون، چاوەڕێ دەکرێ لە گەل گەرم بوونی زەوی ئەم رێژەیە بەرزتر بێتەوە”.