نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوەبەری گشتی داتاكانی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سەرتای مانگی ٧، دەستدەکەین بەنوێ کردنەوەی تۆماری دەنگدەران، لە ٨٠%ی دەنگدەران لە هەمان ئەو بنکانە دەنگدەدەن، کە بۆ هەڵبژاردنی پێشووی عێراق دەنگیان لێداوە.
بڕیاره رۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستیکردووە بهئامادهكاری و تۆمارێكی نوێی ده‌نگده‌رانیان بۆ هه‌ڵبژاردنەکانی په‌رله‌مانی كوردستان دروستكردووه، زۆربەی کارەکانی تەواوبووە، تۆمارەکە پشتی بەستووە بەنوێترین داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانی.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، كاروان جه‌لال، بەڕێوەبەری گشتی داتاكانی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی کوردستان، رایگەیاند “لە سەرتای مانگی ٧ دەستدەکەین بەنوێ کردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو تۆمارە نوێیەی، کە درووستمانکردووە بخەینەڕوو لەبنکەکانی دەنگدان، بۆ ئەوەی دەنگدەران بێن سەردانی بکەکانیان بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەبوونی ناوەکانیان”.
كاروان جه‌لال دەڵێت “چەند کردارێک لەسەر تۆمارە نوێکە ئەنجام دەدەین، لەوانە زیادکردن، ئەگەر یەکێک ناوی لەناو داتا بەیسەکەدا نەبێت زیادکردنی بۆدەکرێت، گواستنەوە بۆ ئەوانەش دەکرێت، کە ئارەزوو دەکەن بنکەی دەنگدانیان بگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە، کرداری راستکردنەوە دەکرێت بۆ هەر هەڵەیەک هەبێت، هەروەها کرداری سڕینەوە بۆ ئەوانەش دەکرێت، کە بەڵگەی سەلمێنراوی هێنا یەکێک لە خانەوادەکەی کۆچی دوایی کردووە”.
سەبارەت بە شوێنی دەنگدانیش بەڕێوەبەری گشتی داتاكانی كۆمسیۆنی گوتی “لە ٨٠% ی دەنگدەران لە هەمان ئەو بنکانە دەنگدەدەن، کە بۆ هەڵبژاردنی پێشووی عێراق دەنگیان لێداوە، ئەوانەی دیکە بریتین لەو خانەوادانەی، کە تازە پڕۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە فۆڕمی نوێی خۆراکیان بۆ دەرچووە لەسەر بنەمای ئەو شوێنەی بایەعی لێ وەردەگرن مانگانە بنکەیەکی نزیک ئەو شوێنەیان بۆدیاری کراوە، دەشتوانن لەکاتی نوێیکردنەوەی تۆمارەکەیان ئەگەر ئارەزوی گواستنەوە بکەن بۆهەر بنکەیەک کەدەیانەوێت دەتوانن”.