نوچەنێت
دواى ئاگره‌كه‌ى ئه‌مڕۆی به‌غدا، كه تێیدا به‌شێك له سندووقه‌كانى ده‌نگدان سوتان په‌رله‌مانتارێكى كورد دەڵێت “عێراق بەرەو ھەڵدێر دەڕوات، ئەگەر دادگای فیدراڵی فریای نەکەوێت”.
مه‌سعود حه‌یده‌ر، په‌رله‌مانتارى پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان له به‌غدا، له ئه‌كاونتى تایبه‌تى خۆى له تۆڕی کۆمەڵایەتی فه‌یسبووك، نووسیویه‌تى “لە ئەنجامی ئەو بێ متمانەییەی دروستبووە لە نێوان پێکھاتەکان و قەوارە سیاسییەکان بە ھۆی ساخته‌كاریی و ئەنجامی متمانە پێنەکراوی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، لەلایەن بەشێک لە قەوارەکان و دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، کە پرۆسەکەی ئاڵۆزتر کرد، عێراق کەوتۆتە ناو تونێڵێکی تاریکەوە، کە ئەوسەری لێ دیار نییە و وەکو ھەرکێشەیەکی تر، سیاسییه‌كان بەئاسانی بۆیان چارەسەر ناکرێت”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه، كه ئەم بابەتە جگە لە ڕەھەندی سیاسی، لایەنی دەستووری و یاسایی ھەیە و دوای سوتاندنی سندووقەکان و ئامێرەکانی دەنگدان لە ڕەسافەی بەغدا، بێ متمانەیی بێ سنوور بووە و بیروڕای جیاواز ھەیە و لە نێو ماڵی عەرەب “بەرەی دەرنەچووه‌کان و بەرەی دەرچووه‌کان، کە تۆمەتبارن بە ساخته‌كردن، پەنجە بۆ یەکتر ڕادەکێشن و یەکتر تۆمەتبار دەکەن”.
ناوبراو جه‌ختیشی ده‌كاته‌وه، كه بەشێکی زۆری ئەم کێشانە پەیوەندیی بە نێوماڵی شیعەوە ھەیە و پاشان پەیوەندی بە ململانێی جەمسەرە نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه ھەیە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران.
مەسعود حەیدەر هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “دوای ئەم ھەموو ڕووداوانە، پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی بێتە ناو پرۆسەکەوە، دادگای باڵا درک بە قورسی کێشە سیاسییه‌کانی عێراق دەکات و بۆ چارەسەر ھەمیشە بڕیارێک ئەدات کە ھەموو لایەنەکان ھەست بکەن بەرژەوەندیان پارێزراوە”. ڕوونیشی ده‌كاته‌وه، كه لەم قۆناغەشدا چەند بژاردەیەک لە پێش دەسەڵاتی دادوەری عێراقە:
١- بەردەوامبوون لەسەر ژماردنی دەستی، کە پێشبینی دەکرێت کێشەکان ھێندەی تر ئاڵۆزبێتەوە.
٢- ھەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمان وڕازیبوون بە ئەنجامی ھەلبژاردنەکان وەک کۆمسیۆن رایگەیاند کە ئەمەش نارازیبوونی گروپی دەرنەچووه‌کانی لێ دەکەوێتەوە.
٣- رازیکردنی دەرنەچووه‌کان بە چەند کورسییەک و راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی.
٤- ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردن کە دەبێتە ھۆی چەقبەستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و نائارامی و پشێوی.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ه‌و پێشبیینییانه، له كۆتاییدا، نووسیویه‌تى: “عێراق بەرەو ھەڵدێر دەڕوات، ئەگەر دادگای فیدراڵی فریای نەکەوێت”.