نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان جێگای گومانە، جەختیکردەوە لەوەی، کە لەسەر داواکاری هێزە کوردییەکان بووە لە پەرلەمانی عێراق.
رۆژی چوارشەمە ٦-٦-٢٠١٨، پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقی پەسەندکرد، بەپێی پڕۆژەیاساکەش ١٠٠%-ی دەنگەکان لە هەموو وێستگەکان بە وێستگە سووتاوەکانیشەوە جارێکی دیکە بەدەست هەژمار دەکرێنەوە و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و دەنگدانی دەرەوەی وڵات هەڵدەوەشێندرێنەوە. هەروەها نۆ دادوەر دەخرێتە جێگەی کۆمیسیارەکان و لەجێگەی سەرۆکی کۆمیسیۆنەکان و لە هەر پارێزگایەکی عێراق دادوەرێک دادەنرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان جەعفەر، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند “بەپێی یاسا هەموو هاوڵاتییەکی عێراقی لە هەر پرسێکدا، کە دەخرێتە دەنگدانەوە، بۆی هەیە دەنگ بدات و دەنگی هەژمار بکرێت، بەداخەوە ئەوەی جێگەی گومانە بۆچی بە تەنها دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج، بەڵام دەنگدانی تایبەتی هێزەکانی دیکەی عێراق باسی ناکرێت”.
شیلان جەعفەر دەڵێت “ئەمە لەکاتێکدایە هێزی پێشمەرگە ئەو هێزە بووە، بە درێژایی مێژوو بۆ بە دەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد قوربانی و خوێنی داوە. هەروەها پێشمەرگە ئەو هێزەبووە، کە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، لەپێناو پاراستنی گەلانی عێراقیش قوربانی داوە”.
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، دەڵێت “ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانییە لای ئێمە ئەوەیە، کە هێزە کوردییەکانی خۆمان دەستیان هەبووە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانەی دیکەی عێراق، کە لەپشتی ئەو کارەوەن، بە بەڵگەوە لە لام هەیە، کە لە ماددەی ٢ی پڕۆژەیاساکە، لەسەرەتادا بەهیچ شێوەیەک باس لە هێزە تایبەتەکان ناکات، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکردن ئەو بڕگەیەی بۆ زیادکراوە، ئەوەش لەسەر داوای پەرلەمانتارە کوردەکانی ئامادە بووی کۆبوونەوەکە بووە، چونکە ئەگەر ئەوان بیان ویستایە دەیانتوانی رێگری لێبکەن”.
شیلان جەعفەر دەشپرسێت، ئەگەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، لەسەر داواکاری هێزە کوردییەکان نەبووە، ئەی بۆچی لەناو هۆڵی پەرلەمان بەرگریان لەوە نەکرد، کە نابێ دەنگی هێزی تایبەت لەهەرێمی کوردستان هەژمار نەکرێت.