نوچەنێت: تایبەت
راکان جبووری، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، سەرقاڵی کاراکردنەوەی ئەنجومەنی شارەکەیە، بۆ ئەوەی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا ببینێت، بەو هۆیەشەوە بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن یاداشتێکی ناڕەزایەتییان بەرزکردۆتەوە. ئەندامێکی ئەنجومەنیش دەڵێت “ئەوە هەنگاوە نایاسایی و بڕیارێکی سیاسییە”.
ئەنجومەنی شار لە ساڵی ٢٠٠٧ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا دروستکرا، کە لە ٢١ ئەندام پێکدێت و ههریهكه له سێ پێكهاته سهرهكییهكهی كهركوك عهرهب، كورد و توركمان هەریەكەیان شهش ئهندام و سێ ئهندامیش بۆ پێكهاتهی كریستیان، ئهنجومهنی شار لهڕێی ژمارهیهك لیژنهوه كاری پێداچونەوە بوو بە پڕۆژەكانی كەركوك و گەیاندنی سكاڵای خەڵكی بە ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری كەركوك، بهڵام ساڵانێكه پهكخراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە بارەی هەوڵەکانی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت بۆ کاراکردنەوەی ئەنجومەنی شار، رایگەیاند “دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی شار لای ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە، بۆیە بەپێی یاسا هەر بڕیارێکی ئەنجومەنی شار، کە بیدات دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە پەسەند بکرێت، ئەوەی ئێستا بەنیازە ئەنجومەنی شار کارا بکاتەوە، پێچەوانەی یاسا و یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پێیوایە ئەم هەنگاوەی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک سیاسییە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ئەو کۆمەڵێک بڕیاری شۆڤێنی لە کەرکوک داوە و هەندێک لە بڕیارەکانی پێویستی بە پەسەندکردنی ئەنجومەنی پارێزگایە. ئەو دەزانێت ئەنجومەنی پارێزگاکە پەسەندی ناکات ئەگەر کاراش بکرێتەوە، بۆیە ئەو بڕیارەی داوە.
جون حەسەن گوتیشی “ئەوانەی، کە لە ئەنجومەنی شارن، سەر بە پارێزگاری بەوەکالەتن، بۆیە ئەو هەنگاوەشی ناوە بۆئەوەی ئیتر هەر کارێک ئەنجامبدات پێویستی بە ئەنجومەنی پارێزگا نەبێت و بەو ئەندامانەی ئەنجومەنی شار بەڕێی بکات و قاڵبێکی یاسای بەسەردا بدورێت”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجومەنی شار هەڵبژێردراو نییە و لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگا دامەزراوە. دواتریش بە رێککەوتنی سیاسی کراوە و ئەندامەکانی ٦ بە ٦ بووە ئێستا ئەو رێژەیان نییە، چونکە ئەندامیان هەبووە بەهۆی کردەوە تیرۆرستییەکان شەهیدبووە، ئەندامیشیان هەیە دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بۆیە ئەنجومەنی شار نە ئەو دەسەڵاتەی هەیە بڕیار بدات، نە رێژەی یاسایی ئەندامەکانیشی تەواون.