نوچەنێت
مەسعود بارزانی، پەیامێکی سەبارەت بە ساڵیادی کارەساتی ئۆردوگای زێوە، بڵاو کردەوە و رایگەیاند، کە دوژمن چەند زاڵم بێت ناتوانێت ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت.
ئەمڕۆ شەممە 9-6-2018، لە ساڵیادی کارەساتی ئۆردوگای زێوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردووە و رایگەیاند “سەرباری ئەو كارەساتە گەورەیەی، كە لەو ڕۆژەدا بەسەر میللەتەكەماندا هات، بەڵام ئەوە ڕۆژێكی گرنگ و پڕ لە وانەیە لە مێژووی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەكەماندا”.
بارزانی لە پەیامەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ”كارەساتی زێوە وانەیەك بوو بۆ هەموومان و دۆستەكانمان، قارەمانێكی وەك دایكە ئامینا، كە جەرگسووتاو بوو و پارچە گۆشتی منداڵەكانی كۆ دەكردەوە، سەربەرزانە ئەو وانەیەی دا، كە ئەگەر دوژمن لەت لەتیشمان بكات، بەڵام هەرگیز خۆ ناچەمێنین و لە فەرهەنگی خەباتی گەلی كوردستاندا خۆبەدەستەوەدان نییە“.
دەقی پەیامەکەی بارزانی:
پەیامی بارزانی لە ساڵیادی کارەساتی ئۆردۆگای زێوە
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٨٥ـدا ڕژێمی بەعس زۆر دڕندانە ئۆردۆگای ئاوارەکانی زێوەی بوردومان کرد و ژمارەیەکی زۆری ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان شەھید و بریندار بوون.
سەرباری ئەو کارەساتە گەورەیەی، کە لەو ڕۆژەدا بەسەر میللەتەکەماندا ھات، بەڵام ئەوە ڕۆژێکی گرنگ و پڕ لە وانەیە لە مێژووی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەکەماندا.
کارەساتی زێوە، وانەیەک بوو بۆ ھەموومان و دۆستەکانمان، قارەمانێکی وەک دایکە ئامینا، کە جەرگسووتاو بوو و پارچە گۆشتی منداڵەکانی کۆ دەکردەوە، سەربەرزانە ئەو وانەیەی دا، کە ئەگەر دوژمن لەت لەتیشمان بکات، بەڵام ھەرگیز خۆ ناچەمێنین و لە فەرھەنگی خەباتی گەلی کوردستاندا خۆبەدەستەوەدان نییە. ئەوە ڕێگەی ئازادیخوازیی میللەتێکی مەزلوومە، ئازادی باجی دەوێ و دەبێ قوربانی بدەین و نائومێد نەبین و بەردەوام بین و تەسلیم نەبین.
کارەساتی زێوە، وانە بوو بۆ دوژمنیش، کە چەندە زاڵم و دڕندە بێ، بەڵام ناتوانێ ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت و ئەوە سەرکەوتنی ڕاستەقینەی میللەتەکەمانە بەسەر دوژمنی بێ ویژدان.
لە یادی ئەو کارەساتەدا، پارچە گۆشت و جەستەی پیرۆزی لەت لەتکراوی منداڵانی زێوە، ھەرگیز لەبیر ناکەین و چرای خەبات و کۆڵنەدانی ئێمەن.
سڵاو لە شەھیدانی زێوە و شەھیدانی ڕێگەی ئازادی، سڵاو بۆ خۆڕاگری و قارەمانێتی دایکە ئامینا و ھەموو خانەوادە و دایکە شەھیدانی کوردستان.
مسعود بارزانی
٩ـی ٦ـی ٢٠١٨