نوچەنێت
لە ئەڵمانیا پەنابەرێکی عێراقی، کە ئەگەری هەیە کوردی باشوور بێت، دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر کچێکی 14 ساڵ و دواتر دەیکوژێت و لەو وڵاتە رادەکات. بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێر دەستگیرکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا ئەو پەنابەرە عێراقییە تەمەنی 20 ساڵە و ناوی عەلی بەشارە، تۆمەتباری سەرەكییە بە دەستدرێژی سێكسی و کوشتنی كچێكی ئەڵمانی جوولەكە، بە ناوی سوزانا فێلدمان.
ماوەی دوو رۆژەی وێنەی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بڵاودەکرێتەوە. پولیسی ئەڵمانیا دەڵێت، رۆژی 2-6-2018 عەلی لەگەڵ خێزانەكەی، كە لە 8 كەس پێكدێن (دایک و باوکی و پێنج خوشک و براکەی) بە ناوی دیكە و بە پاسپۆرتێكی عێراقی بۆ یەك سەفەر (جواز مروور) لە دۆسلدۆرفەوە چوونەتە ھەولێر.
وەک دەگوترێت تۆمەتبارەکە و کچە کوژراوەکە پەیوەندی خۆشەویستییان هەبووە، دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر، کوشتوویەتی. کچەکە ناوی سوزانا فێلدمانە و، بەرەچەڵەک جوو بووە، بەڵام پۆلیس دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەم کچە بەهۆی ئایینەکەیەوە کوژرابێت.
لە تشرینی یەکەمی 2015، عەلی بەشار، کە تاوانبارە بە کوشتنی سوزانا فێلدمان، لە رێگەی تورکیاوە چوونەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا کردووە. تۆمەتبارەکە پێشتر لەلای پۆلیس ناوی هەبووە و چەند جارێک بە تۆمەتی دزیکردن لەلایەن پۆلیسەوە بانگهێشتکراوە.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ھۆرست زێھۆفەر لە پرێس كۆنفراسێكدا رایگەیاند “ھێزە ئەمنییەكانی كورد لە باكووری عێراق، عەلی بەشاریان دەستگیركردووە و ئێمە سوپاسیان دەكەین. من سوپاسی بەشداریی ھێزە ئەمنییەكانی كورد دەكەم كە ئەم دەستگیركردنەیان ھێنایە ئاراوە. ئەم سەركەوتنە ئەنجامی ھاوئاھەنگی سەركەوتووی ھێزە ئەمنییەكانی كورد لە عێراق و پۆلیسی ئەڵمانیایە”. زێھۆفەر دەڵێت: “رێكارە پێویستەكان لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێنەبەر بۆ ھێنانەوەی عەلی بۆ ئەڵمانیا”.
