روونکردنەوەیەک لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم  

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تاکو ئێستا هیچ داوایەکی فەرمیمان لە حکومەتی هەرێمەوە پێ نەگەیشتووە، کە داوامان لێکرابێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان پێکەوە ئەنجام بدرێت.

لە 24-6-2018، چوار ساڵی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و کارەکانیان بە کۆتا دێت، لەدوای ئەو ماوەیە ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام تائێستا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە رەنگە هەدووکیان پێکەوە ئەنجامبدرێن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جووتیار عادل ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان رایگەیاند “وەک کۆمسیۆن تاکوئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمیمان لە حکومەتی هەرێمەوە پێ نەگەیشتووە، کە داوامان لێبکات، بۆئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە یەکەوە لەیەک کاتدا ئەنجام بدەین”.

جووتیار عادل گوتیشی “ئیستحقاقی ئەنجومەنی پارێزگاکان زۆری نەماوە تەواو بێت، دەبێ هەڵبژاردن بکرێت. بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم بە فەرمی داوامان لێ بکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەیەک کاتدا بکرێت، ئێمە لە ئەنجومەنی کۆمسیۆن گفتوگۆی لەسەر دەکەین، چونکە رێکارەکان بە تایبەتی سیستەمی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، جیاوازە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، پێیوایە ئەگەر بڕیاری لەسەر بدرێت کێشەی زۆر گەورەیان بۆ درووست نابێت لەڕووی ئەنجامدانی پڕۆسەکەوە جەختیشیکردەوە لەوەی، “تاکو لەناو ئەنجومەن ئەم پرسە گفتوگۆ نەکرێت و بڕیاری گونجاوی لەبارەیەوە نەدرێت ناتوانم بڵێم، ئێمە لە ١٠٠% دەتوانین هەردووکیان پێکەوە ئەنجام بدەین، بۆیە ئەگەر لەچەند ڕۆژی داهاتوو حکومەت ئاراستەی ئێمەی کرد، ئێمە وەک دەزگایەکی جێبەجێکار، لە کۆمسیۆن یەکلایی دەکەینەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com