تەنیا لەم پارێزگایانە 100% دەنگەکان بەدەست دەژمێردرێنەوە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیاردراوە، کە لە هەموو عێراق ٢٥٪ دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە، بێجگە لە ناوچە سوننەکان،  کە دەبێ ١٠٠٪ بژمێردرێتەوە. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیاردرا ١٠٠٪ دەنگەکان لە هەموو وێستگەکان بە وێستگە سووتاوەکانیشەوە بەدەست بژمێردرێتەوە و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و دەنگدانی دەرەوەی وڵات هەڵدەوەشێندرێنەوە. هەروەها نۆ دادوەر لە جێگەی کۆمیسیاران دادەنرێن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسن عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە بارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان رایگەیاند: رۆژی چوارشەممە ٦-٦-٢٠١٨، لە پەرلەمان ١٧٥ ئەندام کۆبوونەتەوە و لە ئەنجام دا کۆمەڵێک بڕیاریانداوە، کە لە هەموو عێراق ٢٥٪ دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە، بێجگە لە ناوچە سوننەکان، (ئەنبار سەلاحەدین، نەینەوا، دیالە)، کە دەبێ ١٠٠٪ بژمێردرێتەوە بە دەست و دەنگەکانی کەمپەکان و دەرەوەی وڵاتیش هەژمار نەکرێ.

هەروەها بڕیار دراوە ٩ دادوەر سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە بکەن کاری ئەندامانی کۆمسیۆن لە گەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکان رابگیریێن، تاکو بزان ئەنجامی ٢٥٪ بزان چۆنە. دواتر هەر لایەنێکی سیاسی دەتوانێ لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکات.

دەقی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق:

1-بەپێی پڕۆژەیاساکە کە لە ماددەی یەک دا هاتووە ، ماددەی 38 -ی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەساڵی 2013 هەمواردەکرێتەوە و بەمشێوەیە لێدەکرێت: پێویستە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووبارە دەنگەکان بەدەست بژمێرێتەوە لە هەموو وێستگەکانی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان. هەروەها رەتکردنەوەی بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی بە پشت بەستن بە ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست. ئەو بەدەست ژماردنەوەیە وێستگە سووتاوەکانیش دەگرێتەوە.

2-پێویستە کۆمیسیۆن فۆرمەکانی دەنگدان و راپۆرتەکەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەراورد بکات و لەمبارەوە بڕیاری خۆی بدات.

3- لە ئەگەری بوونی هەر پێشێلکارییەک کە پێویست بە هەڵوەشاندنەوە بکات لە بنکەکانی دەنگدان دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان بەپشتبەستن بە بڕگەی 8-ی ماددەی سێیەم لە یاسای کۆمیسیۆن ژمارە 11 لەساڵی 2007 کە دەسەڵات دەدات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان. 

4- بەدەر لە دەنگی پێکهاتەکان کە سیستەمی کۆتا دەیانگرێتەوە ، سەرجەم دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی دەرەوەی وڵات هەڵدەوەشێندرێتەوە بەتایبەتی دەنگدانی پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە. هەروەها هەڵبژاردنی ئاوارەکان لە کەمپەکان و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار و دەنگدانە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێندرێنەوە.

5- ئەنجوومەنی دادوەری کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی کۆمیسیۆن لە نۆ دادوەر پێکدێت و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی پێدەدرێت و بۆ هەر نووسینگەیەکی کۆمیسیۆنیش دادوەرێک وەک لێپرسراو دابمەزرێت لە شوێنی بەڕێوەبەرەکانی ئێستای کۆمیسیۆن کە کۆتایی بەکارەکانیان هێنراوە و دوای پەسندکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە دەست بەکارەکان دەکرێت. ئەندامانی کۆمیسیۆنی پارێزگاکانیش لەکار رادەگیرێن تاوەکو ئەوکاتەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان کۆتایی پێدێت لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە لەبارەی پێشێلکارییەکان لە پرۆسەی دەنگدان.

6- ماددەی پێنج: بڕگە و ماددەکانی ئەم یاسایە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ساڵی 2018 کاری پێدەکرێت.

7- ماددەی شەش: بەدەر لەم یاسایە هیچ ماددە و بڕگەیەکی دیکە کاری بۆ ناکرێت.

8- ماددەی 7: ئەم یاسایە دوای دەنگدان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هۆکارەکانی دەرخستنی ئەم یاسایە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی شەفافییەت لە هەڵبژاردنەکان و بۆ پاراستنی سیستەمی دیموکراسی لە عێراق ، هاوکات بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەو مەرجەی متمانە و دەستپاکی و دادپەروەری بەجێ بگەیێنێت. هەروەها بەهۆی بوونی پێشێلکاریی لە ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی کە دەرەنجامی راستەقینەی لێ دەرنەکەوت ، لە رێگەی ئەم یاسایەوە بڕیاردرا بە جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست لە تەواوی عێراق.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com