نوچەنێت: تایبەت
سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەی کێشەی بەنزین لە سنوری پارێزگای سلێمانی سێ پێشنیارمان داوەتە پارێزگار.
ئەمڕۆ چوار شەممە ٦-٦-٢٠١٨، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بانگێشتی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگای سلێمانی كرد، لەسەر پرسی گرانبوونی بەنزین و خراپیی کوالێتی یەکەی، لەو دانیشتنەدا چەند پێشنیارێک درایە پارێزگاری سلێمانی بۆ چارەسەری ئەوگرفتە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، د. غالب محەممەد، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەگەڵ پارێزگار رایگەیاند “ئێمە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێ پێشنیارمان کردووە بۆ پارێزگاری سلێمانی، کە ئیشی لە سەربکرێت، یەکێک لەوانە ئەوەیە، کە نرخی بەنزین جێگیر بکرێت، هەرچەندە ئەمە کارێکی بازرگانییە و بەئاسانی جێگیر ناکرێت، ئەویش هەماهەنگ بوو لەگەڵ ئەوەی دەبێت هەوڵبدەین لەبەر ژەوەندی خەڵک نرخی بەنزین جێگیر بکرێت، بەڵام ئەو داوای مۆڵەتی كرد و گوتی، با کۆبوونەوە بکەم لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە پەیوەندن بەم پرسەوە”.
سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەشڵێت “یەکێکی تر لە پێشنیارەکان ئەوە بوو دەرگا کراوە بێت بۆ هەموو کۆمپانیایەک هەر بازرگانێک دەیەوێت بەنزین بهێنێت، دەتوانێت و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت رێگری لێبکات، بەڵام بەو مەرجەی کوالێتییەکەی باش بێت و بە نرخێکی هەرزان بیدات بە هاوڵاتیان”.
سەبارەت بەپێشنیاری سێیەم غالب محەمەد، گوتی “داوامانکردووە کوالێتی بەنزین کۆنتڕۆڵبکرێت، بەتایبەتی، کە ئێستا نزیکدەبینەوە لە وەرزی هاوین، بۆ ئەوەی کێشە بۆ ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان درووست نەبێت، وە داوامانکردووە لە شوێنەکاندا دەستبکرێت بە پشکنینی بەنزین، هەوەها پێداویستی پشکنین لەو شوێنانە زیاد بکرێت، کە سنورین و بەنزینی لێوە دێتە هەرێمی کوردستان، چ ئێران بێت یان عێراق”.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئەوان وەکو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراو دەکەن بۆ حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، بە هاوکارییەوە بەنزین بدات بە هاوڵاتیان، چونکە ناکرێت نە حکومەتی عێراقی و نە حکومەتی هەرێم یارمەتیمان نەدات.