نوچەنێت
قایمقامی شنگال رایدەگەیەنێت، حەشدی شەعبی ناتوانێ داوا لە هێزی ئێزیدخان بکات بۆ چەک دانان. دەشڵێت “ئە هێزە، هێزێکی فەرمییە و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانن”.
بەگوێرەی زانیارییەکان، چەکدارانی حەشدی شەعبی داوا لە هێزی پاراستنی ئێزدخان کردووە چەک دابنێن، بەپێی داواکارییەکەی حەشدی شەعبی نابێت هێزەکانی پاراستنی ئیزدخان لە مەودوا بە چەکەوە لە نێو سنووری ناحیەی سنوونێ و شنگال هێزیان هەبێت. حەیدەر شەشۆ، فەرماندە و دامەزرێنەری هێزی پاراستنی ئێزدخان رایگەیاندووە، ئەو داواکارییەی حەشدی شەعبی دەیکات خەونە و بە هیچ شێوەیەک جێبەجێی ناکەین.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محما خەلیل قایمقامی قەزای شنگال، لە بارەی داواکاری حەشدی شەعبی بۆ چەکدانانی هێزی ئێزیدخان، رایگەیاند: حەشدی شەعبی نابێ داوایەکی لەو شێوەیەی هەبێ، چوونکە هێزی ئێزیدخان بە فەرمانی ئەوان دروست نەبوون، تاکو بە فەرمانی ئەوان هەڵبووەشێنەوە.
محما خەلیل دەشڵێت، هێزی ئێزیدخان، هێزێکی فەرمین و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانن و لە بەرگری کردن لەو سنوورە قوربانییان داوە، بۆیە ئەو جۆرە داوایە قبووڵکراو نییە.