نوچەنێت: تایبەت
سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەنزیك خاڵی سنوری توركیا- یۆنان، حەوت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە دەستگیركراون و رادەستی بەرەی نوسرە لە سوریا كراون.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران لەهەرێمی كوردستان رایگەیاند “بەپێی ئەو زانیاری و بەڵگانەی، کە لای ئێمە هەیە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە ژەمارەیەک پەنابەری هەرێمی کوردستان، دەستگیرکراون و رادەستی هێزەکانی بەرەی نوسرە لە سوریا کراون، تاکو ئەمشەویش هەر دە ستبەسەربوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت”.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی دەستبەسەرن لەئێستادا ئاری جەلال، گوتی “بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستی ئێمە گەیشتوون تا ئێستا حەو کەس لای ئێمە تۆمارکراوە، بەڵام پێموایە ژمارەکە لەوە زیاترە، بۆ ئەو مەبەستە، ئێمە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لێ ئاگادار کردووەتەوە و ناسنامەکانیان کاری لەسەر دەکەین، دەمانەوێ بیاندۆزینەوە و بزانین لە چ شوێنێکن، چاوەڕاوانین بزانین چی دەبێت هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت”.
سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران لە هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەر بەپێی ئەو پاسپۆرتانەی، کە بەدەستی ئەوان گەیشتووە، ئەوکەسانەی دەستبەسەرن لای بەرەی نوسرە خەڵکی سنووری سلێمانی، گەرمیان و هەڵەبجەن.
ئاری جەلال ئەوەشی خستەڕوو، کە “لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوو کۆمەڵێکی زۆر لە هاوڵاتیانی عێراقی کەوتوونەتە بەر لێشاوی دەستگیرکردن لەلایەن دەزگائەمنیەکانی تورکیاوە، لەماوەی رابردوو نزیکەی ٥٠ پەنابەرێکیان هێنا لەنزیکی ئورفە دەیان ویست داخڵی سوریایان بکەن، بەڵام بەهەوڵ و کۆششی نوێنەرایەتییەکانمان لە وڵاتی تورکیا توانیان ئەوەبۆ ماوەیەک ڕابگرن، بەڵام ئێمە لە ئەم کۆمەڵە خەڵکە ئاگادار نەبووین و کاتێک پێمان زانیوون لەسەر سنور بوون و داخڵی سوریایان دەکردن”.