حەسەن عەلەوی لەسەر نێچیرڤان بارزانی چی دەڵێ؟

0

نوچەنێت

حەسەن عەلەوی، بیرمەند و سیاسەتوانی ناسراوی عێراقی دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە و هۆی ئەوەی، کە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بەپێوە بووەستێت.

لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی کەناڵی رووداو، حەسەن عەلەوی، سیاسەتوانی ناسراوی عێراقی و دۆستی کورد، باسی چەندین پرسی عێراقی و کوردستانی دەکات، بەتایبەت لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

لەبارەی گشتپرسی، عەلەوی دەڵێت “من و عەللاوی بەردەوام گوتوومانە مەسعود بارزانی هەڵەیەکی نەکردووە کاتێک گشتپرسی ئەنجامدا. دەکرێت لە گوندێکیش گشتپرسی بکرێت ئایا دەیەوێت بچێتە سەر شارۆچکەیەیەک. گشتپرسی مافێکە تەنانەت بۆ یانە وەرزشییەکانیش، کەواتە بۆچی بۆ گەلێک نەبێت گشتپرسی بکات! تەنانەت گوتوومە، مەسعود بارزانی تەمەنی 4 هەزار ساڵە، نەک تازە بۆمان هاتبێت. لە تەلەڤزیۆنی دیجلە ئەو قسەیەم کرد”.

حەسەن عەلەوی باسی نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت “پیاوێکی پراگماتییکییە، کارامەیی و لێهاتوویی هەیە، کە لە کەسی دیکەدا نییە، هەروەها کەسێکی واقعییە، ئەمە ناودەنێم ئاگرکوژێنەوە، هەر کاتێک ئاگر دادەگیرسێت ئەو ئاگرەکە دەکوژێنێتەوە.. سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە، ئەو بووەتە هۆی ئەوەی کە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بەپێوە بووەستێت”.

سەبارەت بە کەسایەتی د. بەرهەم ساڵح، حەسەن عەلەوی دەڵێت “خاوەن رۆشنبیرییەکی ئەوروپییە، بۆیە من ناوم لێناوە (بلێری کورد)، تەنانەت کەسایەتییەکەشی وەک کەسایەتی بلێر وایە، بەڵام کێشەی ئەو ئەوەیە، سەرکردەی چینێکە کە بوونی نییە، سەرکردەی چینی بۆرجوازییە، چینی ناوەڕاستە، چینی ناوەڕاست لای ئێمە بوونی نییە و لە عێراق کۆتاییهاتووە”.

سەبارەت بە موقتەدا سەدر و ئەو ئەگەرانەی باس لەوە دەکەن کە رێگەنەدرێ هاوپەیمانێتییەکەی ئەو حکومەت پێکبهێنێت،  حەسەن عەلەوی دەڵێت “ئەمە موقتەدا سەدرە، عەللاوی نییە، کە لەساڵی 2010 زۆرینەی بەدەستهێنا و ئەوان هاتن و لایانبرد و خۆیان حکومەتیان پێکهێنا. ئەمە موقتەدا سەدرە هەرگیز پاشەکشەناکات، چونکە هێزێکی جەماوەری گەورەی هەیە، ئەو تەنیا کەسە هێزی جەماوەری هەیە، تەنیا کەسە کە بە فڕۆکەی ئەمریکی نەهاتووەتە بەغدا و بە هێزی پیادەی ئێرانی نەگەیشتووەتە بەغدا، بەڵکو ئەو لە عێراقدا بووە، بۆیە هێزی ناوخۆیی هەیە”.

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: بە بڕوای ئێوە کێ حکومەتی نوێی عێراق پێکدەهێنێت؟

حەسەن عەلەوی: رەنگە كێشە لەنێوان شیعەكاندا دروست ببێت و لەبەر ئەمە دەستنیشانكردنی ئەوكەسەی كە حكومەت پێكدەهێنێ سەخت بێت.

رووداو: باسێک هەیە کە عەللاویش یەكێکە لە ناوەکان، بە بڕوای ئێوە ئەیاد عەللاوی یەکێکە لەو کەسانەی کە سەدر بیکاتە سەرۆکوەزیران؟

حەسەن عەلەوی: ئەمە گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەكانە.

رووداو: بۆچی؟

حەسەن عەلەوی: عەللاوی ئەو كەسەیە كە رەتیكردەوە سەردانی ئێران بكات، گشت ئەوانەی لە دەسەڵاتدا بەشداربوون بەرلەوەی بچنە بەغدا چوونە ئێران، جگە لەوانەی كە پەسەندنین، هیچ كەسێك لە سەركردەكانی سوننە و سەركردەكانی دەرەوەی بازنەی ئیسلامییەكان وەكو عەلمانییەكان كە لە ساڵانی رابردوودا چوونەتە نێو دەسەڵات، هەموویان لە تاران تەعمیدكران بەرلەوەی بگەنە بەغدا تەنیا دووانیان نەبن، ئەوانیش ئەیاد عەللاوی كە رەتیكردەوە و ئەو كەسەی قسەت بۆ دەكات، كە منم، رەتمكردەوە بچمە ئێران.

رووداو:  کەواتە لەو شتانەی کە عەللاوی نەیتوانی تێیدا سەرکەوتووبێت، سەدر لێی سەرکەوتوو دەبێت؟

حەسەن عەلەوی: عەللاوی سەرنەكەوت، لەبەرئەوەی عەللاوی بێ چەكە و سەر بە بزووتنەوەیەكی لیبراڵە و بزووتنەوەی لیبراڵ باوەڕی بە هەڵگرتنی چەك نییە، بەڵام موقتەدا چەكدارە و هێزێكی گەورەی هەیە كە هێزێكی راستەقینەیە، بۆیە موقتەدا عەللاوی نییە، عەللاوی بەرەیەكی نیشتمانییە و خەڵكێك هەیە دژی ئەون، بەڵام بەرژەوەندی وایكردووە لەگەڵ ئەو ببنە هاوبەش لە یەك لیستدا، بەڵام بەهیچ جۆرێك خۆشییان بەو نایەت، لەكاتێكدا كە رەوتی سەدر یان موقتەدا سەدر بە شێوازی بووداییەكان شوێنكەوتەی هەیە، كە ئامادەن لە بەردەم ئۆتۆمبێلەكەیدا شەهیدببن.

لەبەر ئەمە بەراورد لەنێوانیاندا لەجێی خۆی نییە. موقتەدا هێزێكی میللی و هێزێكی چەكداری هەیە و عەللاوی هیچ یەكێك لەو دوو هێزەی نییە و خاوەنی رەوتێكی لیبراڵە و رەوتی لیبراڵ لە مێژووی عێراقدا لاواز بووە.

رووداو: لە هەڤپەیڤینێكتان لەگەڵ رۆژنامەیەکی عەرەبیدا دەڵێن، سەدر دەبێت کەسایەتییەکی سەربەخۆ بۆ سەرۆکوەزیران هەڵبژێرێت، بە بڕوای ئێوە لە گۆڕەپانی عێراقدا کەسێکی سەربەخۆ دەتوانێت سەرکەوتووبێت؟

حەسەن عەلەوی: كاتێك سەربەخۆ سەركەوتن بەدەستدێنێت، كە لەلایەن قەوارەیەكەوە پاڵپشتیی لێبكرێت و نوێنەرایەتیی قەوارەیەك بكات، بەڵام ئەگەر قەوارەیەك نەبێ كە پشتیوانیی بكات ئەوە هەر لە بنەڕەتەوە كاندیدنەدەكرا بۆیە ناكرێت، بەڵام كە موقتەدا سەدر پشتیوانیی بكات و موقتەدا سەدر قەوارەیەكی گەورەیە، بەڵێ سەردەكەوێت.

رووداو: بۆچوونتان لەسەر گفتوگۆی حیزبە کوردستانییەکاندا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی بەغدا چییە، بەتایبەت حیزبی دەعوە؟

حەسەن عەلەوی: سادەترین وشە كە بگوترێ ئەوەیە كە ئەمە هەڵەیەكی سیاسیی گەورەیە، بەڵام من دەڵێم نەخێر ئەمە هەڵە نییە، بەڵكو تاوانە و تاوانیش بە دەیانجار لە هەڵە گەورەترە، كوردینە ئاگادار بن چوونتان بۆ لای حزبی دەعوە هەڵە نییە، بگرە تاوانێك بوو ئەنجامدرا.

رووداو: گرنگترین شت لەو هەڵبژاردنەدا بەلای ئێوە چی بوو؟

حەسەن عەلەوی: ئەوە بوو كە پێشبینییەكانی ناوەند لەوەدا هەڵە بوون كە پێیانوابوو كورد بەهۆی ناكۆكییەكانیانەوە بەڕێژەی 40% تاوەکو50% پاشەكشە دەكەن، بەڵام پارتی ئاستێكی دیاریكراوی پاراست، نازانم 25 یان 26 ئەندام پەرلەمانی بەركەوت، ئەمەش شۆك بوو بۆ ئەو كەسانەی كە پێیانوابوو كورد دەستیانبەربوو.

رووداو:  دەنگی کورد لە بەغدای ئێستا چ کاریگەرییەکی دەبێت و رۆڵی کورد لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا چی دەبێت؟

حەسەن عەلەوی: رۆڵی کورد زۆر کەمترە بووە بە بەراورد بە پێکهێنانی حکومەتەکانی رابردوو، کە ئەوکات بەبێ کورد و هەولێر حکومەتی بەغدا پێکنەدەهێندرا، من لە تەلەڤزیۆن لێرە، لە تەلەڤزیۆنێکی کوردی ناڕەزایەتیم پیشاندا و گوتم را بۆ بەغدایە نەک هەولێر، لەوکاتەدا ئەو قسەیەم کرد، ئێستاش دەبینم بەشداری کورد پەراوێزخراوە و زۆر زۆر لاوازە.

نەک لێرە.. من لە هاوپیشە پەرلەمانتارەکانی پێشوو و ئێستاش بینیومە، دەستکەوتی زۆریان لە بەغدا بەدستهێناوە، لەگەڵ ئەوەش کورد لە گوندەکان تەنانەت لێرەش کێشەیان هەبووە، ئەوان بەشدارییان لە هیچ کارێک نەکردووە لەنێو بەغدا کە بەرگری بێت لە پرسی کورد لەو کاتەی بە قەیراندا تێپەڕی و قەیرانی گشتپرسی دروستبوو، هەڵاتن هەروەکو چۆن ئیمام عەلی بن ئەبی تاڵب دەڵێ “وەکو بزنمژۆکێک خۆیان شاردەوە”، خۆیان شاردەوە چوونە نێو کونی بزنمژۆک و لەنێو ناوچەی سەوز نەهاتنە دەرەوە، هیچ رۆڵێکیشیان نەبوو، بەڵام من و عەللاوی لە سەرجەم دیدارە بەرفراوانەکاندا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن باسی ئەوەمان کردووە و گوتوومانە مەسعود بارزانی هەڵەیەکی نەکردووە کاتێک گشتپرسی ئەنجامدا، دەکرێت لە گوندێکیش گشتپرسی بکرێت ئایا دەیەوێت بچێتە سەر ئەو شارەدێیە، شارەدێیەکیش دەتوانێت گشتپرسی بکات بۆ ئەوەی بچێتە سەر شارۆچکەیەک، گشتپرسی مافێکە تەنانەت بۆ یانە وەرزشییەکانیش، کەواتە بۆچی بۆ گەلێک نەبێت گشتپرسی بکات، ئەو قسەیە چەند جارێک عەللاوی کردوویەتی و چەند جارێکیش من کردوومە، تەنانەت گوتوومە، مەسعود بارزانی تەمەنی 4 هەزار ساڵە، نەک تازە بۆمان هاتبێت. لە تەلەڤزیۆنی دیجلە ئەو قسەیەم کرد.

رووداو: مەبەستتان لە چوار هەزار ساڵ چییە؟

حەسەن عەلەوی: مەبەستم لێی ئەوەبوو.. پارچەیەک بەردی نەخشێنراو کە لە ئیلام لە ئێران دۆزراوتەوە، کە تێیدا باس لە پەیماننامەیەک دەکات لەنێوان پادشای عێراق نەرامسین و پادشای ئیلامی فارسی پادشا خیتە، لەو پارچەیە نەخشێنراوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە رێکخراوە و ئەمەی خوارەوەی تێدا هاتووە: ئەو پەیماننامەیە لەنێوان نەرامسین و خیتە ئەنجامدراوە بۆ گەمارۆدانی هۆزە هەڵگەڕاوەکان و ئاژاوەچییەکان لەسەر چیاکانی نێوان هەردوو وڵات، کە مەبەستیان لێی کورد بووە، ئەو پەیماننامەیە 2290 ساڵ پێش زاین کراوە، ئەگەر ئەو 2 هەزار ساڵەی دواییشی بۆ زیادبکەین دەکاتە 4 هەزار ساڵ. تێبینی ئەوە مکردووە پەیماننامەی جەزائیر بەشێکیان لەو پەیماننامەیە کۆپی کردووە، بەبێ ئەوەی زانیارییان لەسە ئەو پەیماننامەیە هەبێت، نە شای ئێران زانیاری لەسەر ئەو پەیماننامەیە هەبووە، کەو لەو کاتەدا بەستراوە نە سەددام زانیاری لەسەر ئەو پەیماننامەیە هەبووە، ئەو پەیماننامەیە تەمەنی 4 هەزار ساڵە، واتە پرسی کورد بەر لە 4 هەزار ساڵ هەر هەبووە، مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی کورد بە قوڵایی مێژوویەک کە تەمەنی 4 هەزار ساڵ بووە کاریانکردووە.

رووداو: بەڕێز عەلەوی، ئەمجارەیان کورد لەگەڵ کامە لایەن رێکبکەوێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی باشترە؟

حەسەن عەلەوی: لەگەڵ ئەوانەی کە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسلامییە ئێرانییەکان دەکەن، چونکە وانە لە ئێرانەوە وەردەگرن، هاوکات هەڵوێستی ئێرانیش روونە، ئێران رێگە بە هیچ چالاکییەکی کوردی نادات لە تەنیشتییەوە، دواجاریش گوشاردەخاتە سەر پارتە ئیسلامییە ئێرانییەکان کە لەژێر هەژموونی خۆیەتی، کە بەیعەت بە تیۆری ئێرانی دەدات نەک تیۆری سیستانی، لەگەڵ ئەو درۆیانەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکرێت کە ئیسلامییەکانی عێراق سەر بە مەرجەعیەتی شیعەی نەجەفن، ئەمە درۆیە، دۆریە، درۆیە. مەرجەعیەتی نەجەف پڕۆژەی دەوڵەتی نییە، بەڵکو دژی پڕۆژەی دەوڵەت و ولایەتی فەقیهی و دژی پڕۆژەی دەوڵەتی ئێرانین، دواجاریش هیچ پەیوەندییەکان بە بەڕێز سیستانییەوە نییە بەهیچ شێوەیەک، بەڵکو پەیوەندیان بە بەڕێز خامەنییەوە هەیە لە ئێران، ئەوەش مەلەسەی ئاراستە و رەوتی سیاسییە و شتێکی شاراوە نییە.

رووداو: ئێوە وەک ئاگادارن ئێران نەیهێشت عەللاوی ببێتە سەرۆکوەزیران، ئێستا بۆ سەدر، یان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سەدر ئایا دۆخی ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟ یان هەمان رەوشی پێشووە؟

حەسەن عەلەوی: ئێستا ئەوان دەستەوەستانن لەنێوان دوو حاڵەتدا، وابزانم ئەمە سێیەمجارە ئەو بابەتە لە تەلەڤزیۆن باسدەکەم، بەڵام بینەری کورد گوێیان لێنەبووە، ئەمە بۆ یەکەمینجارە گوێیان لێدەبێت، بینەری عەرەبی گوێبیست بووە.. لە ساڵی 2004 دوای کوژرانی ئیبن خویی، کە موقتەدا سەدر پێی تۆمەتبارکرا، من ئەوکات لە کوێت بووم، نوێنەری پێشووی ئیمام خومەینی پەیوەندی پێوەکردم، پاشان نوێنەری بەڕێز خامنەیی و پیاوێکی ئایینی لە ئێران، داوای لێمکرد بۆ خوانێک بانگهێشتمبکات، ئەحمەدی کوڕی بە شوێنم نارد، کاتێک چوومە ماڵیان چاوم بە کەسێک کەوت، گوتی ئەوە نوێنەری بەڕێز خامنەییە، من و تۆ لەسەر بابەتێک قسەدەکەین، داوای لە کوڕەکەی کرد ژوورەکە بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی ئەو سیانەمان لە ژوورەوە بمێنینەوە. پرسیاری لێمکرد و گوتی چۆن مامەڵە لەگەڵ بەڕێز موقتەدا سەدر دەکەی دوای ئەوەی خویی کوشت؟ منیش گوتم، ئێوە چیتان لە مێشکدایە؟ نوێنەرەکەی لە کوێت قسەی کرد و گوتی “بیکوژین و پارچە پارچەی بکەین، ئەگەر ئەمڕۆ ئەوەی بەسەر ئیبن خوییدا هاتبا ئەوا سبەی بەسەر کوڕی سیستانیشدا دێت”. منیش پێمگوتن شیعە لە عێراق سێ بەشن؛ ئەنجوومەن ئاراستەی سیاسی هەیە بۆ شەقام، رەوتی سەدریش شەقامێکی فراوانی شیعەی لەگەڵە بەبێ بوونی سیاسی، حیزبی دەعوەش نە شەقام و نە بوونی سیاسی هەیە، ئەوە لە سەرەتای ساڵی 2004، بۆیە ئەگەر دەتانەوێت شیعەو شەقامی شیعە بکوژن ئەوا موقتەدا سەدر بکوژن، ئەوە بابەتی کوشتن نییە، باش تێیبگەن و نامەیەک بۆ خامنەیی بنووسن و ئەو رایەی منی بۆ بنووسن و بڕیارەکە بۆ ئێوەیە، بەڵام ئەگەر بڕیاری کۆتایی بە کوشتنی بدەن، ئەوا شیعە دەکوژن، وەڵامیان بۆ گەڕاندمەوە کە بەڕێز خامنەیی تێڕوانینی منی وەرگرتووە، نەک تێڕوانینی نوێنەرەکەی لە کوێت کە پێیوابوو دەبێت موقتەدا سەدر بکوژرێت. بۆیە کێشەیەکی گەورە لە ساڵی 2004وە هەیە و من شایەدم کە ئێران، لە کاتێک لە کاتەکان یان بەشێک لە ئێرانییەکان وا بیریان دەکردەوە، کە سەدر کۆتایی پێبهێنن، بەڵام ئاگاداربوون هەروەک من ئاگادارم کردنەوە، کە سەدر قورسایی شیعەکان و شەقامی شیعەیە، ئێستا چۆن هەڵسوکەوت دەکەن، هەبوو بەهیوای کوشتنی سەدر بوو، هەشبوو دژ بە کوشتنی بوو لە حیزبی دەعوە، ئێستا موقتەدا سەدر کێشەیەکی گەورەیە بەرامبەر ئێران و پارتە ئیسلامییەکان کە بە شێوەیەکی ستەمکارانە حکومی عێراقیان کردووە بۆ ماوەی 15 ساڵ لە مێژووی عێراقدا.

رووداو: ئەگەر سەدر نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، ئەوکات دۆخی عێراق چی بەسەردێت، ئایا ئەو ملیۆنان کەسەی لە پشتی سەدرن بێدەنگ دەبن؟ 

حەسەن عەلەوی: نەخێر، ئەگەر بەشێوەیەک پێکنەهێندرێت و رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەگیرابێت، ئەمە موقتەدا سەدرە، عەللاوی نییە، کە لەساڵی 2010 زۆرینەی بەدەستهێنا و ئەوان هاتن و لایانبرد و خۆیان حکومەتیان پێکهێنا. ئەمە موقتەدا سەدرە هەرگیز پاشەکشە ناکات، چونکە هێزێکی جەماوەری گەورەی هەیە، ئەو تەنیا کەسە هێزی جەماوەری هەیە، تەنیا کەسە کە بە فڕۆکەی ئەمریکی نەهاتووەتە بەغدا و بە هێزی پیادەی ئێرانی نەگەیشتووەتە بەغدا، بەڵکو ئەو لە عێراقدا بووە، بۆیە هێزی ناوخۆیی هەیە، ئەوانەی کە هاتوون لە دەرەوە هاتوون و ئەوانەی کە لەناوخۆیی عێراقدان هەمیشە ئەولەوییەتیان هەیە.

ئێوە شۆڕشی جەزائیریتان بینی کاتێک کە  5 ئەفسەرەکە هاتن، کەس نەیدەناسین، بومدیەن هات و شۆکی بۆ هەمووان دروستکرد و پاشان کۆنترۆڵی جەزائیری کرد و بوو بە سەرۆکی جەزائیر، بۆ؟ چونکە ئەو لەنێو وڵاتدا شەڕی دەکرد و ئەوانی دیکە لەدەرەوەی وڵاتدا بوون، ئەوەی لەناو وڵاتدایە ئەولەوییەتی هەیە، موقتەدا سەدر لەناوخۆی وڵاتدا بوو، هێزێكی ناوخۆیی هەیە، کە هیچ کام لەمانە نیانە، راستە حەشدی شەعبی پێکهێنراوە، بەڵام ئەرکی حەشدی شەعبی شەڕی دژ بە شیعە نییە، بەڵکو شەڕی دژ بە داعشە.

رووداو:  کەواتە ئێستا سیناریۆی پێکهێنانی حکومەت چییە؟ دۆخی عێراق چی بەسەردێت؟

حەسەن عەلەوی: سیناریۆیەکی ئاڵۆزە، بەدرێژایی ماوەی چاوەڕێکردندا بەو ئاڵۆزییە دەمێنێتەوە، بابەتەکە ئەوەیە کە حکومەتی ئیئتیلافی دروست دەبێت یان دروست نابێت، تەنانەت ئەگەر دروستیش ببێت، پشکی موقتەدا سەدر زیاتر دەبێت، ئەوانیش ئەمەیان ناوێت، باشە چیدەکەن؟.. دێن لە مەسعود بارزانی نزیکدەبنەوە، بارزانی کە هەموو شتێکیان لێوەرگرتەوە و لەبەغدا تەنیا عەللاوی و چەند کەسێک نەبن کە منیشیان تێدا بوو، بەرگریمان لێکرد.. ئەوانە ئێستا هاتوون و خۆیان کردووەتە خۆشەویستی مەسعود بارزانی و پێشوازی لە شاندەکان دەکەن و دادەنیشن و فازڵ میرانی لەملا دادەنیشێت و کەسی دیکە لەولا دادەنیشێت و بەخێر بێن و مەلا بەختیار لەملاوە دانیشتووە و سوپاس بۆ خودا ئێمە هەموومان سەلامەتین.. ئەمانە درۆتان لەگەڵ دەکەن و درۆ لەگەڵ عێراق دەکەن و ئێوەش درۆ لەگەڵ خۆتان دەکەن ئەگەر هات و باوەڕیان پێبکەن، کە پێشوازیکردنی شاندە کوردییەکە لە قووڵایی راستەقینەوە سەرچاوەی گرتبێ، بەڵکو تەنیا بۆ ویستی پێکهێنانی هاوپەیمانیێتیەکە بە ژمارەی زیاتر لە ژمارەکانی دیکە تاوەکو دژ بە موقتەدا سەدر بەکاریبهێنن، یان دژ بە هەر هاوپەیمانیێتییەکی دیکە.. هاوپەیمانیەتی هەڵبژاردنەکان دوورە لە بەها ئاکارییەکان، بۆیە نابێت بەو هاوپەیمانیەتیانە هەڵخەڵەتێن و دڵتان پێخۆشبێت، رۆژانە شاندێک بڕوات و شاندێک بێتەوە.

رووداو: بەڕای ئێوە هاوپەیمانێتی مالیکی و عامری دەمێنێتەوە یان نا؟ ئایا عامری دەچێتە بەرەی سەدر؟

حەسەن عەلەوی: لێکترازان ئێستا لەئارادایە.

رووداو: عامری و مالیکی دەڵێن هاوسەرگیرییەکی کاسۆلیکیان هەیە، ئایا ئەو هاوسەرگیرییە بەتاڵ دەبێت و عامری دەچێتە بەرەی سەدر؟

حەسەن عەلەوی: بەخوای هاوسەرگییرییەکی سوننی نییە، بەڵکو بە قەهوەیەک تەڵاقی دەدات و بە ئۆتۆمبێڵێک هاوژینەکەی تەڵاق دەدات، ئەمە هاوسەرگیرییەکی کاسۆلیکی نییە، هیچ هاوبەشییەک لەنێوان ئەم دووانە نییە، چونکە مالیکی بەهیوای رێبەرایەتی حەشدە و بوونە سەرۆکوەزیرانە، ئەوەش نابێت، چونکە عامری کاندیدکراوە، عامری بۆچی ئەنجامێک بەدەستبهێنێت و بدرێتە کەسی دیکە، ئەو سەردەمە رۆیشت عامری پاشکۆی بەڕێز مالیکی بێت، عامری هێزێکی سەرەکییە لە رووبەڕووبوونەوەی هێزی سەدر-دا.

رووداو: هەر جیا لەو بابەتە، بڕیاربوو کتێبێک لەبارەی کوردەوە ئامادەبکەن بەناوی دەوڵەتی کوردی لە 100 ساڵی چاوەڕوانیدا، بۆچی بڕیارتاندا ئەو کتێبە بڵاونەکەنەوە؟

حەسەن عەلەوی: بەردەوام ئارەزووم لێیەتی، ئەو بابەتەم باسکردووە، بەڵام سەیرم کرد هەڵمەتێک لەدژم هەیە لە نووسینی کتێبەکەدا، تەنانەت یەکێک هێرشی کردەسەرم، بە ئاشکرا هێرشیکردەسەرم لەگەڵ ناوەندێکی سەرەکی کاری دەکرد لە ئەنجوومەنی وەزیراندا، کەس وەڵامی نەدایەوە و کەسیش سزای نەدا، بۆیە بینم خەڵکانێکی زۆر دووڕوون، ریاکاری دەکەن و ریاکاری بۆ کورد دەکەن و هێرشدەکەنە سەر خاوەنی ئەم کتێبەش. ئەرکی کوردە، ئایا ئەوەی هێرشیکردەسەرم سزادرا لە شوێنی خۆی ماوە و حکوم دەکات یاخود نا! بۆیە کتێبەکەم بڵاونەکردەوە، پێویستم بەهیچ کەسێک نییە و ریاکاری بۆ هیچ کەسێک ناکەم، من تێکۆشەرێکی نەتەوەیی عەرەبیم، چۆن مافی ئازادیم هەیە، بەهەمان شێوەش گەلان مافی ئازادیان هەیە. کورد ستەمی لێدەکرێت هەر لە ساڵی 1514ەوە، جارێکی دیکە دووپاتیدەکەمەوە کە ئەرمەن یادی 100 ساڵەی کۆمەڵکوژی ساڵی 1915ی ئەرمەن دەکاتەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش لەپاڵ ئەرمەن وەستاوە و مافی پێدان و ئیدانەی تورکیای کرد. باشە ئێوە ئەی کورد چۆن 500 ساڵ تێپەڕدەبێت لەسەر جیابوونەوە و پەیماننامەی چاڵدێران، یەکەم ستوونی رۆژنامەڤانی لەسەر ئەمە نووسرابێت رۆژنامەڤانێکی عەرەبییە بەناوی حەسەن عەلەوی، کەچی ئێستا کورد قسەی ناشیاوم پێدەڵێت.

رووداو: چی بارزانی و عەرەفات هەیە کە لەیەکبچێت؟

حەسەن عەلەوی: بەراوردی مستەفا بارزانی و بزووتنەوەکەم بە شەریف حوسێن کردووە، کە سەرکردایەتی شۆڕشی عەرەبی کردووە لە ساڵی 1916دا و بە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ ئینگلیز و دواتر غەدریان لێکرد، باسم کردووە کە هەمان بارودۆخ بووە، غەدر لە مەلا مستەفا بارزانی-ش کراوە، وەک چۆن لە ساڵی 1916دا غەدر لە شەریف حوسێن کراوە، هەریەک لەمانە بەرگریان لە گەلەکەی دەکرد بە پرۆژەیەکی ئایینی- نەتەوەیی، ئێستا کاتێک باسی عەرەفات و مەسعود بارزانی دەکەین هەریەکەیان گەلەکەیان پەرش و بڵاون، جیاوازییش چییە؟ زەویان هەیە، بەڵام دەسەڵاتی نییە، عەرەفات گەلەکەی هەمووی پەرش و بڵاوبوونەتەوە، کەمینەیەک لە ئیسرائیل ماونەتەوەو رەگەزنامەی ئیسرائیلیان وەرگرتووە، جگە لە غەززە نەبێت، بەڵام رێگەی عەرەفات زیاتر زیندوو و چالاکتر بوو لە مەسعودبارزانی. مەسعود بارزانی لە شوێنی خۆی دانیشتووە وەک ئەوەی دەسەڵات ئەوەی پێدابێت، ئەمە یەکێکە لەهەڵە گەورەکانتان لە مێژوودا، دەسەڵاتتان پێش دەوڵەت هەبووە، ئەوە نابێت، دەسەڵات پێش دەوڵەت دواتر دەوڵەت پێویستی پێنابێت، دەسەڵات هەڵەی تێدایە، بەڵام دەوڵەت هەڵە نییە، دەسەڵات وەک جگەرەیە، دەیکێشی و بەبای دەدەیت، بەڵام لە ئەنجام ئەو تۆ دەکێشێت و بەبات دەدات، ئەگەر دەوڵەتت نەبێت، دەوڵەت بنەمای سەرەکییە وەک ژوورێک وایە کە ئێمە لێی دانیشتووین، وەک ستۆدیۆ وایە کە دەوڵەتە و ئەو مێزەش دەسەڵاتە، نابێت ئەم مێزە گرنگتربێت لەو ستۆدیۆیە، گەورەترین هەڵەی کورد لە مێژوودا، دەسەڵاتە پێش ئەوەی دەوڵەت بێت، دەکرێت دەسەڵات دوو مانگ و چوار پێنج مانگ بێت، بەڵام دوای ئەمە سەربەخۆییە، بەڵام ئێوە لەساڵی 1992ەوە تاوەکو ئێستا خاوەن دەسەڵات بوونە، 25 ساڵە، چیتان کرد لەماوەی ئەم 25 ساڵەدا؟. ئێوە ئێستا باجی دەسەڵات و هەڵەی دەسەڵات دەدەن، عەرەفات بەمشێوەیە رازی نەبووە، دوایین جار ئەوسا بەمە رازیبوو، لە هەموو دونیا بڵاوبووەوە و بەرەیەکی لە هەموو حزبەکان پێکهێنا، بۆیە تاوەکو ئێستا دەڵێم ئەدای بەرەی کوردستانی کە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی دروستیان کرد رۆڵێکی وایبینیوە، کە تاوەکو ئێستا هەرێم ئەم دۆخەی نەبینیوە، راستە هەرێم باڵەخانەی بونیاتناوە، ئێوە لە هەولێر پارێزگارێکتان هەیە لە عێراق و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وێنەی نییە، رەنگە لە مالیزا یەکێکی وەک ئەو هەبێت، هەروەها لە سلێمانیش بەهەمانشێوە.

ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتی مۆڵ و مۆبایلە و هیچی نییە، ئێوە پێویستان بە ئابووری بزنە، کە دەگەڕێتەوە بۆ 1900 بۆ 1920 ، ئەوکات تەرازووی بازرگانی لەنێوان کوردستان و ئەوروپا لە بەرژەوەندی کوردستاندابوو، چونکە کوردستان، (جۆ)ی پێدەدان، کە بیرەی لێدروست دەکرا، هەروەها تووتنی هەبوو جگەرەی لێدروستدەکرا، کە باشترین جۆر بوو، هەروەها پێستە، کە باشترین جۆری پێڵاویان لێدروستدەکرد. مەسعود بارزانی پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ بەرە، دەبێت بەرە سەرۆکایەتی دەسەڵات بکات، دەسەڵات هەبێت کێشە نییە، بەڵام دەبێت بەرە هەبێت نەک پەرلەمان، ئێوە لە قۆناخی رزگاریدان، چ پێویستتان بە پەرلەمان هەیە، ئێوە پێویستیتان بە بەرە هەیە، تەنانەت پێویستە پەرلەمان شوێنی ئەو بەرەیە بێت، تەنانەت دەبێت ئەم بەرەیە تەحەکوم بە پەرلەمانیش بکات، دەستەیەکی باڵا هەبێت بۆ سەرپەرشتییکردنی هەرێم، پێویستە بەرەی کوردی دروستبکرێت، نابێت هیچ کەسێک هەڵاوێردبکات لە ئیسلامیی، نەتەوەیی و پارێزگا کوردییەکان.

رووداو: هەڵوێستی ئێوە، هەڵسەنگاندنی ئێوە لەبارەی بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی چییە؟

حەسەن عەلەوی: دوو کەسایەتی جیاوازن، بەرهەم ساڵح خاوەن رۆشنبیرییەکی ئەوروپییە، بۆیە من ناوم لێناوە “بلێری کورد”، تەنانەت کەسایەتییەکەشی وەک کەسایەتی بلێر وایە، بەڵام کێشەی ئەو ئەوەیە، سەرکردەی چینێکە کە بوونی نییە، سەرکردەی چینی بۆرجوازییە، چینی ناوەڕاستە، چینی ناوەڕاست لای ئێمە بوونی نییە و لە عێراق کۆتاییهاتووە، جا لە هەرێم یاخود لە ناوەند، چینی ناوەڕاستمان نییە، لە هەرێم چینی ناوەڕاست هەرگیز دروستنەبووە. لە بەغدا دروستبوو، باشە چۆن دەبیتە سەرکردەی چینێک، ئەو چینە بوونی نییە، هەڵەیەکی گەورەی کرد، کاتێک ناوەندی بڕیاری دروستکرد و جەلال تاڵەبانی تێپەڕاند، لەکاتێکدا ئەو کات جەلال تاڵەبانی لە ژیاندابوو، بۆیە من بەهۆی دۆستایەتی و پەیوەندییم لەگەڵیدا رەخنەم لێگرت، بەردەوام سەردانمان دەکات، لە کاتێک من لێرە بم، هەروەها لەگەڵ دکتۆر ئاگرینی پیاوێکی زانای متەسەوفە و پیاوێکی گەورەی نیشتمانییە، پێشتر ئەو سەردانی دەکردم ئێستا سەردانم ناکات، بەڵام دکتۆر ئاگرینی سەردانم دەکات، تەنیا یەک کەس سەردانم دەکات، هەروەها دراوسێکەم سەردانم دەکات کە ناوی فەریقە و کوردە، لەمانە زیاتر هیچ کوردێک سەردانم ناکەن، ئەمە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە پەیامەکەم لە رێگەی ئەو دامەزراوانەوە پێتانبگات، کە هەتانە.

بەرهەم ساڵح هەنگاوی گەورەی ناوە، وەک ئەو کەسەی کە عەلی حوسێن دەخوێنێتەوە و باڵەکانی دژی ئەون و دەڵێت بە زیندوویی بنووسە، وێنە زیندووە، دەڵێن نەخێر دەبێت نووسین بێت، خەڵک سەیری وێنە دەکەن نەک نووسین، ئێمە وێنەکەمان دەوێت، دەمانەوێت شتێکی واقعی هەبێت، بەرهەم پڕۆژەیەکی ناواقیعی هەیە، بۆیە دووچاری شکستێکی گەورە بوو کاتێک تەنیا دوو کورسی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا پێویستبوو بەرهەم سەرکردەیەک بێت چاوپڕبکات، ئێستا رەنگە چاوی بچێتە سەر سەرۆکایەتی کۆمار، لەگەڵ بوونی کێشە لەگەڵ کورددا، بەڵام ئەو دەبێتە باشترین سەرۆککۆمار لە عێراقدا، چونکە هەستی هۆزایەتی نییە، بنەماڵەیی نییە، وەک ئەوەی ئێستا بنەماڵەکەیان هێناوەتە سەر سەرۆکایەتی کۆمار، ئەو بنەماڵەیی نییە. 

نێچیرڤان بارزانی، پیاوێکی پراگماتییکییە، کارامەیی و لێهاتوویی هەیە، کە لە کەسی دیکەدا نییە، هەروەها کەسێکی واقعییە، ئەمە ناودەنێم ئاگرکوژێنەوە، هەر کاتێک ئاگر دادەگیرسێت ئەو ئاگرەکە دەکوژێنێتەوە، ئەو کەسێکە لە من نزیک نییە، چونکە جیلی ئێمە نەبووە و نایناسم و هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵیدا نییە، وەک ئەو پەیوەندییە نییە کە لەگەڵ مەسعود بارزانی هەمە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی نەخێر ئەو پەیوەندییەم نییە، بەڵام چاودێری سیاسەتەکانی دەکەم وەک مێژووناسێک و وەک چاودێرێکی دۆزی کورد. سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە، ئەو بووەتە هۆی ئەوەی کە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بەپێوە بووەستێت، نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی گەورەی لەمانەوە و بەردەوامبوونی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەگەڵ ئەو هەڵانەی کە لە دەوروبەریدا هەن لەبارەی بەرنامەی وەبەرهێناندا.

لێرە دەمەوێت وەک دوایین شت پەیامێک ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی بکەم، مەسعود بارزانی سەرکردەیەکە لە سەرۆک گەورەترە، سەرۆک چییە؟ هەروەها پەیامەکەم ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەم و پێیاندەڵێم: ئێوە خەڵکتان بە بەرنامەی وەبەرهێنانەوە گرێداوە، خەڵک خانوویان فرۆشتووە و خانوویان کڕیوە، بەڵام بەپێی بڕیارێک ئەگەر پڕۆژەی شارەکە تەواونەبێت، ئەوا خانووەکان بە ناوت ناکرێت. من کاتێک پارەی خانووەکەمان بەتەواوی دابێت و خانووەکەمان هەموو شتێکی تەواوە و تێیدا نیشتەجێم، باشە بۆچی بەناوم تۆمارنەکرێت؟ پێویستە بەپەلە بڕیارێک دەربکرێت بەوەی هەر کەسێک پارەی خۆی لە پڕۆژەکە دابێت، بچن خانووەکەی بەناو بکەن. هەندێک دەیانەوێت بیفرۆشن و هەروەها باجیان لەسەرە، باشە گوناهی من چییە؟ من وەک کوردێک قسە دەکەم و من هاووڵاتییەکی ئاساییم و هاووڵاتیان دووچاری داڕمان بوونەتەوە بەهۆی ئەو سیاسەتەی لە وەبەرهێناندا هەیە، لە وەبەرهێنانی خانووبەرەدا و پێویستە پێگە بۆ ئەمە بگەڕێننەوە و لەگەڵ بەکاربەر بووەستن، نەک لەگەڵ وەبەرهێنەر، ئەمە پەیامی منە بۆ ئێوە و پێویستە هەر کەسێک پارەی خانووەکەی دابێت خانووەکەی لە تاپۆ و لە بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرە بەناو بکرێت، نەک خاوەن شارەکە بەمشێوەیە بمێنێتەوە و پارەی خۆی وەربگرێت و باڵەخانەکان چۆڵ بن و خەڵکیش موفلیس بن، هەروەک چۆن زۆربەیان موفلیس بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com