نوچەنێت: تایبەت
قایمقامی قەڵادزێ رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا کێشەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ چارەسەرکراوە لەڕێگای هەندێک ئیجرائاتی ناوچەییەوە، ئاوەکەمان وا لێکردووە پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ ئیشبکات و لەکار نەکەوێت.
لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا حكومەتی ئێران بەشێك لە ئاوی زێی بچووكی گرتووەتەوە، کە ئەوەش كێشەی بۆ پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ و مەترسی ژینگەی بۆ ناوچەکە دروستدەکات، تائێستاش ئاوەی زێی بچوک لەلایەن حکومە تی ئێرانەوە بەرنەدراوەتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەکر باییز، قایمقامی شارۆچەکەی قەڵادزێ، سەبارەت بە چارەسەری گرفتی ئاوی خوادنەوە بۆ قەڵادزێ، رایگەیاند “بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاستی ئاوی زێیەکەی دابەزیووە، بەڵام کێشەی جددی بۆ ژیانی هاوڵاتیان درووست نەکردووە، لە ئێستادا پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ کار دەکات و رۆژانە ئاو دەدرێت بەهاوڵاتیانی قەزاکە”.
قایمقامی قەڵادزێ ئاماژە بەوە دەکات، لەئێستادا کێشەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ-یان چارەسەر کردووە، لەڕێگای هەندێک ئیجرائاتی ناوچەییەوە، ئاوەکەمان وا لێکردووە، کە پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ بەردەوام بێت و لەکار نەکەوێت، بەڵام لەسەر ئاستی ژینگەیی کێشەی دروستکردووە.
بەرکر باییز گوتیشی “لەبەر ئەوەی ئاستی ئاوەکەی دابەزیبوو لە هەندێک گۆم و شوێن ئاوەکەی دابڕابوو لەئاوی زێیەکە، ئەوەش کێشەی بۆ سامانی ماسی دروستکردبوو، هەوڵمانداوە ئەوەی، کە فریای کەوتووین چارەسەرمانکردووە، ئێستا کێشەیەکی وامان نییە، بەڵام دەکرێت لە ئایندەدا کێشە دروست بکات، بەتایبەت لەکاتی هاویندا”.
قایمقامی قەڵادزێ روونیشیکردەوە، ئەوان وەک قایمقامیەتی قەزاکە لەگەڵ سەرووی خۆیان هەوڵەکانی خۆیان چڕکردووەتەوە بۆ چارەسەی ئەو کێشەیە و چاوەڕیی وەڵامی ئەوانین، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێک نییە. دەشڵێت “ناکرێت ئێمە هەرچاوەڕێی ئەوەبکەین ئەوان ئاوەکە بەردەنەوە یان نا، دەبێت ئێمە خۆمان ئەمنیەتی ئاوی خۆمان مسۆگەر بکەین”.